وەزارەتی دارایى: هەرێم داتای تەوتینیان بۆ نەناردوین بۆیە مووچە دواکەووتوە
دوێنێ
وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دواکەوتنی مووچە هیچ پەیوەندیەکى بە وەزارەتەکەى ئەوانەوە نییە، چونک هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی رادەستی ئەوان نەکردووە.
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-01-2025، وەزارەتی دارایی عێراق لەوەڵامى قسەکانى رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتەکە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی ئەو ڕونکردنەوەیەدا دەڵێت، بەیاننامەکەی ڕیباز حەملان، نادروستە، ئێمە بە پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ فایلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەین، هەمان ئەو مامەڵەیە کە لەگەڵ وەزارەتە فیدراڵیەکان و پارێزگاکاندا دەکرێت و ئەو ڕێکارانەش جێبەجێ دەکرێن.
لە بەشێکى دیکەى وەڵامەکەى وەزارەتی دارایی عێراق، جەختکراوەتەوە کە هۆکاری دواکەوتنی مووچە جیاکردنەوەی ناوی ئەو فەرمانبەرانەیە کە رەوانەی خانەنشینی کراون، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش وەزارەتی دارایی فیدراڵ تیمێکی فەرمانبەرانی وەزارەت لە ژمێریاری و بودجە و خانەنشینی زیاتر لە 10 رۆژ کاریان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرد، بەمەبەستی وردبینیکردنی لیستەکان و لێدەرکردنی ئەو کەسانەی کە رەوانەی خانەنشینی کراون و هەژمارکردنی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی ژمارە 26ـی ساڵی 2019ـی هەموارکراو.
هەروەها ئەوەش دەڵێن: هەژمارکردنی بڕی زیادەی 100 هەزار دینار بۆ خانەنشینان و پاداشتی کۆتایی خزمەت، هەروەها لێدەرکردنی خانەنشینە کۆنەکان لەوانەی کە یاساکە دەیانگرێتەوە؛ کە ژمارەیان زیاتر لە 29 هەزار فەرمانبەرە.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە نییە، چونکە ئێمە دەمانەوێت ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکەین کە زیاتر لە ساڵێکە دەریکردووە و هەرێمی کوردستانیش تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لە سەرجەم بانکەکاندا رادەستی وەزارەتی دارایی نەکردووە.
ڕونکردنەوەکەى وەزارەتى دارایی عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، جگە لەوەش ئەو بابەتە داوا لە هەرێم کراوە ناوى ئەو کەسانەیان بۆ بنێرن، زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن و یاساکانی هەرێم دەیانگرێتەوە و کۆپییەکی ئەو یاسایانەش بۆ ئەوەی مانگانە لە لیستەکان بنێرن.
وەزارەتی دارایی دووپاتی دەکاتەوە تا ئێستا پێداچوونەوەی مانگانەی بۆ مانگی 12ی 2024 تەواو نەبووە بەهۆی بوونى هەڵە لەلیستەکاندا، هەروەها ئەوەش باسدەکات فەرمانبەرانی بەشی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەت کار لەسەر ئەوەدەکەن.