مامۆستایانى سلێمانى دوو ڕۆژە بەردەوامن لە مانگرتن
دوێنێ
بۆ دووەم ڕۆژ بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی بەردەوامن لە مانگرتن و ناڕەزایەتى دەربڕین بەهۆى دواکەوتنى مووچەکەکانیانەوە، هاوکات داواکارییەکانیان جێبەجێ ناکرێت ناچنەوە سەر کارەکانیان و دەست بەدەوام ناکەنەوە.
دواى ئەوەى دوێنێ سێ شەممە، مامۆستایان و فەرمانبەران بە رێپێوان چوونە بەردەم بارەگای یو ئێن لە سلێمانی و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، دواى کاتژمێرێک لەو شوێنە مانەوەو خێمەیان هەڵداو بڕیاریاندا مان لە خواردن بگرن تاوەکو وەڵامیان دەدرێتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت.
شنە عەلی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا وتی، ئێمە لێرە ناڕۆین بەردەوام دەبین لەخۆپیشاندان و مانگرتن لەخواردن تا ئەوکاتەى کێشەکانمان چارەسەر دەبن و وەڵامى داواکاریەکانمان دەدرێتەوە.
شەوى ڕابردوو ئەمرۆ چوارشەمەش، بەشێک لەو مامۆستایانە بەردەوامبوون لەمانگرتن، دڵشاد میرانی، ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە مامۆستایانى ناڕازى لەبارەى ناڕەزایى مامۆستایانەوە دەڵێت، شێوازی ناڕەزاییان گۆڕیوە و فراوانتریش دەبێت، ئەو مامۆستایە دەشڵێت، بڕیارە خانەنشینان و فەرمانبەرانیش بێنە نێو مانگرتنی مامۆستایانەوە.
داواکاریی سەرەکی مامۆستایان و موچەخۆران ئەوەیە کە موچەکانیان بەبانکیی بکرێت و لەکاتی خۆیدا وەریبگرن.
هاوکاتى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانى مامۆستایانى سلێمانى، لەزۆربەى ناوچەکانى پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیانیش و شارەزوورو ناحیەو قەزاکان بەشێکی مامۆستایان بایکۆتى هۆڵەکانى خوێندیانکردوەو ئامادەنین بچنەوە دەوام.