ئەمڕۆ مەراسیمى پیرشالیار دەستیپێکرد و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبیت

دوێنێ



مەراسیمى پیرشالیار، ئەو ئاهەنگە مێژووییەیە، کە هەورامییەکان زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵە لە ناوچەی هەورامانی تەختدا بە بەشداری هەزاران کەس، لە دوو وەرزی جیاوازدا، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ یادی دەکەنەوە.
مەراسیمی جەژنی پیرشالیار، لە هەورامانی تەختی سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەلاتی کوردستان، ساڵانە جارێک لە ناوەراستی وەرزی زستان و جارێکی تریش لە نیوەی کۆتایی وەرزی بەهاردا ئەنجامدەدرێت.
ئەو مەراسیمەی، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی زستان، هەورامییەکان پێی دەڵێن: ئاهەنگی پیرشالیار، کە لە ١٢ی ڕیبەندانی هەموو ساڵێکدا ئەنجام دەدرێت و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەم ڕێوڕەسمەدا، نەریتەکانی كڵاو ڕۆچنە، قوربانیكردنی مەڕ و بزن، لێنانی چێشتی تشین، دەفژەنی و سەمای عیرفانی، زیکر و تەوافكردنی كەوشی چەرمیی پیرشالیار، لەناو بەشداربواندا بەڕێوە دەچێت.

وەک چۆن لە ئاینی ئیسلام بۆ پیاوانی ئاینی "مەلا" و لە ئاینی مەسیحیشدا "قەشە" بەکاردێت، ئاواش لە ئاینی زەردەشتیدا بۆ پیاوانی ئاینی "پیر یان مۆغ" بەکار دەهێندرێت.
پیر لە ئاینی زەردەشتیدا بەو کەسانە وتراوە، کە هەر حەوت قۆناغەکەی پاکبوونەوەی ڕۆحییان برییەوە و پلەی پیاوخاسییان بەدەستهێناوە.

بۆچوونی زاڵیش لەسەر ئەو ناوە دەڵێن: پیرشالیار بە واتای پیری پیرەکان دێت، کە لە ئاینی یارساندا هەر ٩٩ پیرێک ڕێبەرێکیان هەیە، بەمەش پیری شالیار واتە: پیری پیرەکان، کە پلەیەکی بەرزترە لە پیر.
پیاوێکی ئاینی زەردەشتی بووە و لە سەردەمی میتانییەکان، نزیکەی ٢٠٠ ساڵ پێش هاتنی ئاینی ئیسلام ژیاوە، هەموو ئەوانەی لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەیان کردووە، کۆکن لەسەر ئەوەی، کە پیرشالیار خەڵکی هەورامانە، لە سەردەمی خۆیدا پیاوێکی بەناوبانگ و سەرڕاست بووە، هەورامییەکانیش دەڵێن: پەرتوکێکی هەیە بە ناوی "ماریفەتو پیری"، لەم پەرتوکەدا ئامۆژگاری خەڵکی ناوچەکەی کردووە، فێری کردوون کە چۆن لە بەرامبەر دوژمناندا یەکگرتووبن.

لەبارەی ئەم ئاهەنگەشەوە، بەشی زۆری لێکۆڵەران دەڵێن: ئەم ئاهەنگە، بۆنەیەکی ئاینییە و سرووتە ئاینییەکانی ئاینی زەردەشتی تیدا دەوترایەوە، بەڵام لەگەل هاتنی ئاینی ئیسلام، گەوهەری ئەفسانەکە گۆراوە و سرووتە ئاینییەکانیان دەستکاری کردووە.
بەشیک لەو دەستکارییەش، زانای ئیسلامی کورد، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، لە پەرتوکی بنەماڵی زانیاراندا کردوییەتی، کە تێدا ئەم ئەفسانەیە بۆ زەماوەندی هاوسەرگیری پیرشالیار و بەهار خاتوونی کچی شای بوخارا دەگەڕێنێتەوە، بەمەش ئاهەنگەکەی بەستووەتەوە بە ئاهەنگی هاوسەرگیری پیرشالیاری دووەم، کە بانگخوزێکی ئاینی ئیسلامە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار