لیژنەی دەستپاکى: ئینتەرنێتی کۆمپانیای کۆڕەک لە عێراق ڕادەگرین
16 كاتژمێر لەمەوپێش
لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی نەدانی نزیکەی ١.٣ ملیار دۆلاری باج، ڕەزامەنی دراوە لەسەر ڕاگرتنی تۆڕی ئینتەرنێتی کۆمپانیای کۆڕەک لە عێراق.
لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە ڕاگرتنی تۆڕی ئینتەرنێتی کۆمپانیای کۆڕەک لە عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، سەركەوتنی هەوڵەكان بۆ ڕاگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی كۆمپانیای (كۆڕەك) ڕادەگەیەنین، كە لە ماوەی پێشوودا بە ڕاگرتنی خزمەتگوزاریی پەیوەندی لەگەڵ كۆمپانیاكانی دیكە سزادراوە.
ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی ڕادەستنەكردنی ئەو بڕە پارەیەی کە لە ئەستۆیدایە و شایستەی حكومەتی عێراقە بڕەکەی بە نزیكەی ١.٣ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی کۆمپانیاکە ڕادەگیرێت.
هاوکات، زیاد جەنابی سەرۆكی لیژنەكە، بەردەوامبوونی شوێنكەوتنی گەندەڵكاران و ئەوانەی سامانی گشتی دەبەن، هەروەها سووربوون لەسەر ڕاگرتنی بەهەدەردانی سامانی دەوڵەتی دووپاتكردووەتەوە.
ئەمە لەکاتێدایە، پێشتر دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان سێ بڕیاری بەرانبەر كۆمپانیای كۆڕەك بۆ پەیوەندییەكان دەركرد لەوانە: ڕاگرتنی كڕین و فرۆشتنی سیمكارتی كۆمپانیاكە، ڕاگرتنی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەنێوان بەشداربووانی كۆمپانیاكە و كۆمپانیاكانی دیكەی پەیوەندی، دڵنیایی درایەبریکار و بنکەکانی فرۆشتن، کە هیچ سیمکارتێکی نوێی کۆمپانیاکە نەفرۆشن یان بازرگانی پێوە نەکەن، بە پێچەوانەوە لێپرسینەوەی یاسایییان لەگەڵ دەکرێت.