ئەمڕۆ پەرلەمان دەنگ لەسەر هەمواری یاسای بودجە دەدات
8 كاتژمێر لەمەوپێش
بەپێى کارنامەى دانیشتنى پەرلەمانى عێراق، ئەمرۆ دەنگدان دەکرێت بۆ هەموارى یاساى بودجەى گشتى کە تایبەتە بە شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان.
ئەمرۆ یەکشەممە، ٢ى مانگى ٢ پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوەو یەکەمین بڕگەشى دەنگدانە لەسەر هەموارى یاسای بودجە.
مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ هەمواری یاسای بودجە تێدەپەڕێنین، بەگوێرەی ئەو دەقەی كە لەلایەن حكومەتەوە بۆمان رەوانەكراوە.
سەرۆکى پەرلەمان بە ڕۆژنامەی الصباحی عێراقى وت:دوای گفتوگۆیەكی چڕوپڕ، لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەكان رێككەوتوین لەسەر تێپەڕاندنی ئەو دەقەی لەلایەن حكومەتەوە نێردراوە، كە تایبەت بە هەمواری یاسای بودجە، ئەوەش بەهۆی بوونی هۆكاری تەكنیكی و یاسایی بڕواپێهێنەر.
هاوکات هێما بۆ ئەوەش دەکات پرۆژەکە یاساكەیان خستوەتە ڕیزبەندی یەكەمی كارەكانی دانیشتنەکە، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەم سەرۆكایەتی دەكات، بەهۆی ئەوەی ئەوان گەشت دەكەن بۆ دەرەوەی عێراق.
لای خۆشیانەوە، لیژنەی دارایی رایگەیاندوە، ئەو هەمواركردنەوەیەی ئەنجامدراوە لە یاسای بودجە، بەگوێرەی ئەو دەقەیە كە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندیكردووە.
هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
ئێوارەی چوارشەممە 29-01-2025 محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆشکی حکومی میوانداریی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کرد.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و گرنگی پشتیوانی کردن لە هەنگاوەکانی حکومەت لەتەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان خرایەڕوو.
هەروەها لەو کۆبونەوەیەدا، دوایین هەموارکردنەوەى بودجە کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ یاساکە کراوە تاوتوێ کرا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر پابەندبوون بەو دەقە کردەوە کە باس لەپرسی چارەسەرکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکات.