١٢ کەس بەپێ لەکەلارەوە دێنە خێمەى مانگرتووانى سلێمانى

5 كاتژمێر لەمەوپێش



لە دەڤەرى گەرمیانەوە ١٢ مامۆستاو فەرمانبەرو هاوڵاتى بڕیاریانداوە بەپێ بەڕێبکەوون بۆ شارى سلێمانى و بچنە لاى خێمەى مامۆستایانى مانگرتوو وەک پاڵپشتیەک بۆ ئەو داواکاریانەى هەیانە.
ماوەى دوو رۆژە لە ڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بانگەواز دەکرێت بۆ ئەو بەپێ ڕۆشتنەو بڕیارە سبەینێ دووشەممە بەرەو شارى سلێمانى بەڕێبکەون.
سەردار مەلیحە، سەرپەرشتیاری بە پێ رۆیشتنەکە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: دوو رۆژە بانگەوازەکەمان کردووەو تائێستا ١٢ کەس ئامادەیی خۆى دەربڕیوە، وەک پاڵپشتیەک بۆ مانگرتووەکان سبەینێ دووشەممەبە پێ بەڕێدەکەون بۆ سلێمانی.

ماوەى شەش رۆژە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، دژى دواکەوتنى مووچەکانیان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاندووە.
شەوى ڕابردوو تیمى پزیشکانى خۆبەخش لە سلێمانى، سەردانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتووی کرد و پشکنینی بۆ کردن، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیشدا پشتیوانیى خۆیان بۆ مامۆستایان و فەرانبەران راگەیاند.
دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی گەرمیان سەردانی خێمەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سلێمانییان کرد و هاوشێوەی بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی هەولێر، پشتیوانیى خۆیان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی دەربڕی.

دڵشاد جەمال، لە دەستەی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتى، "مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی سلێمانی، درێژکراوەی خەباتی پیشەیی 10 ساڵی رابردووی مامۆستایانی ناڕازییە لە هەرێمی کوردستان".
بایکۆت و مانگرتنی مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانییش دەڵێت، لەگەڵ داوای رەوای مامۆستایاندان بۆ داواکردنی شایستە داراییەکانیان، بەڵام پێویستە بارودۆخی خوێندنیش لەبەرچاو بگیرێت، چونکە بایکۆت زیان بە خوێندکاران دەگەیەنێت.
خێمەی مانگرتووانی سلێمانی لەهەموو چین و توێژەکانەوە و لە زۆربەی ناوچەکانەوە شەو ڕۆژ سەردانیان دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار