پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەى پەسەند کرد

4 كاتژمێر لەمەوپێش



فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوی کردەوە؛ بە زۆرینەی دەنگ هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی وڵات پەسەندکرا و بەوەش رێگە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەکرێتەوە.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بە ئامادەبوونی 176 پەرلەمانتار دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو.

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی کردەوە؛ لە دانیشتنەکەدا، دەنگ لەسەر پڕۆژەی هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023 - 2024 - 2025 ) ژمارە 13ـی ساڵی 2013 دراوە.

لاى خۆیەوە، بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری عێراق لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: بەپێی یاسا پەسەندکراوەکە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە لەڕێگەی سۆمۆوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشى وت: نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە 16 دۆلار دیاریکراوە بۆ ماوەی 60 رۆژ، هەروەها لایەنی راوێژکاریی تایبەتمەندی نێودەوڵەتی لە ماوەی 60 رۆژدا نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت لە هەر کێڵگەیەک بە جیا دیاری دەکات."
بەپێی ماددەى 12 پێویستە هەرێم و بەغداد پرسە داراییەکانیان لە ساڵانى 2004-2022  پاکتاوبکرێت دواى وردبینیکردنیان لەلایەن دیوانى چاودێرى داراییەوە، لەگەڵ پابەندبوونى هەرێم بە رادەستکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بەسۆمۆ.

هەموارى بودجە لە 5ـی تشرینی دووه‌می 2024ـەوە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە رەوانەى پەرلەمان کراوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکى فراکسیۆنەکانەوە لەسەر ماددەى 12 کە تایبەتە بە دەستپێکردنەوەى نەوتى هەرێم، هەموارەکە بەپەسەندنەکراوى ماوەتەوە.
عەلى حەمە ساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەدواى پەسەندکردنى هەموارەکە  نوسینێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت، هەرێم دەبێت نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات، بۆ هەر بەرمیلێک عێراق ١٦ دۆلار خەرجدەکات، تاوەکو لە دوو مانگدا لیژنەی پسپۆڕ خەرجی فعلی دیاری دەکات.
هاوکات عەلى حەمەساڵح ئەوەش دەخاتەڕوو، ڕێژەی ٥٠٪ داهاتی فیدڕاڵی دەگەڕێتەوە بەغدا،  کە ٢٥٪ کۆی داهاتی هەرێمە، واتە: لەنزیک چوار ترلیۆن دەبێت یەک ترلیۆن بگەڕێتەوە، عێراق موچەو پارەی پرۆژەو خەرجیەکان دابین دەکات کە نزیکەی ١٥ ترلیۆنە، سێ ترلیۆنی داهاتی ناوخۆ بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار