هێرشى درۆنەکە زیانى بە كێڵگەکەو دانە غاز نەگەیاندووە
5 كاتژمێر لەمەوپێش
ــ بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، پەستانی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تا ئێستا ئاساییە
ــ کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی هەرێمدایە لە 2008ەوە دەستکراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا
وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى حکومەتى هەرێم، ڕایدەگەیەنێت ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بێ ئەوەی هیچ زیانێك بە كێڵگەکە و کۆمپانیای دانە غاز بگەیەنرێت.
پەیامنێرى هاوڵاتى ڕایگەیاند، ئێوارەى ئەمرۆ یەکشەممە، لەڕێگەى درۆنەوە هێرش کراوەتەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەڵام هیچ زیانێکى گیانى نەبووە.
رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ، لەبارەى هێرشەکەوە دەڵێت: لە شوێنی هێرشەکەدا دووکەڵێکی رەش بەرزبووەتەوە، تیمە ئەمنییەکان لە هەوڵی دوورخستنەوە و پاراستنی کارمەندەکاندان و تائێستا بەدواچوون دەکرێت بۆ زەرەرو زیانەکان.
لاى خۆشیانەوە وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى حکومەتى هەرێم، لەبەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنێت، کاتژمێر (7:05)ی ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بێ ئەوەی هیچ زیانێك بە كێڵگەکە و کۆمپانیای دانە غاز بگەیەنرێت.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى سامانە سروشتیەکان، بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاساییە و پەستانی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تا ئێستا ئاساییە و هەڵسەنگاندن بۆ زیانە مادییەکانی هێرشەکە دەكرێت.
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ساڵی 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا، بەرهەمی ڕۆژانەی 450 ملیۆن پێ سێجایە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز ببێتەوە.
کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی گازەکەی لە ڕێگەی لوولەوە ڕەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت. یەدەگی ئەو گازە سرووشتییەی لە کۆرمۆردا هەیە بە یەک ترلیۆن و 800 ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.