کەشناسی: لەچوارشەممەوە باران و بەفر بارین دەستپێدەکات
3 كاتژمێر لەمەوپێش
بەڕیوەبەرایەتى کەشناسى هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە رۆژى چوارشەممەوە باران بارین و سەرمان دەستپێدەکات و ڕۆژى پێنج شەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە زیاد دەکات و تا رۆژى هەینى بەردەوامدەبێت.
بەشى پێشبینى، بەرێوەبەرایەتى گشتى کەشناسی و بوومەلەرزەزانى هەرێم، ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوە دەخاتەڕوو لە دوو رۆژى داهاتوودا شەپۆلى باران بارین و بەفر بارین دەگاتە هەرێم.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئێوارەى ڕۆژى چوار شەممە ڕێکەوتى 5/2/2025 کاریگەرى شەپۆلی نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى سپى ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکەمان , سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان وسنوورییەکان و بەشێک لە ناوچەى جیاجیا نمە باران دەسپێدەکات لەکاتەکانى ئێوارە لەگەڵ بەفرێکى کەم لە سەر ناوچە سنوورییەکان.
بەپێى پێشبینیەکان، ڕۆژى پێنج شەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان زیاد دەکات و باران لەسەرجەم ناوچەکەمان دەبارێت وئاستى باران مامناوەند و هەندێ کات لێزمە باران دەبێت وئەگەرى هەورە تریشقەش هەیە لەگەڵ باران بارین لە ئەنجامى هاتنى بارستە هەواییەکى سارد شەپۆلێکى بەفر بارین ناوچە سنوورییەکان و شاخاووییەکان دەگرێتەوە .
هەر لەو ڕاگەیەندراوەى کەشناسیدا هاتووە: کاریگەرى ئەم شەپۆلە لە ئێوارەى ڕۆژى چوار شەممەوە دەست پێدەکات تاکو کاتەکانى بەیانى ڕۆژى هەینى بەردەوام دەبێت , پلەکانى گەرما بە گشتى نزم دەبێتەوە بە (5-7) پلەى سیلیزى و لە ناوچە شاخاوییەکان لە کاتەکانى بەرە بەیان دادەبەزێت بۆ سفر پلەى سیلیزى .
سەبارەت بە خێراى با لە سنوورى پارێزگاى هەولێر زیاد دەکات بۆ سەرووى 35 کم لە کاتژمێرێکدا .