مامۆستایانى ناڕازی: خۆپیشاندان دەبەینە هەولێر
4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەنجومەنى ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانى سەرتاسەرى، ڕایدەگەیەنن بەردەوامدەبن لەخۆپیشاندانەکانیان و هەفتەى داهاتووش خۆپیشاندان دەبەنە هەولێر.
عادل حەسەن ئەندامى ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا، دەڵێت: ئەگەر ئەمڕۆ لیستی موچەی مانگی (12)ـی ساڵی 2024 رانەگەیەنرێت و تا رۆژی شەممە وەڵامی داواکارییەکانی مانگرتوانی سلێمانی نەدرێتەوە، رۆژی یەکشەممە خۆپیشاندانی بەرفراوان لە هەولێر ئەنجامدەدەین.
هەڕەشەى خۆپیشاندانەکەى هەولێر لەکاتێکدایە، مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتوو لەسلێمانى، ڕایدەگەیەنن بەنیازن شێوازى مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان لەڕۆژانى داهاتوودا بگۆڕن و بچنە بەردەم ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق و لەوێ درێژە بەمانگرتن و خستنەڕووى داواکاریەکانیان بدەن.
ئەمڕۆ سێ شەممە، ماوەی هەشت ڕۆژە، 13 مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن. بەشێک لە مانگرتووەکان ناو بەناو دۆخی تەندروستییان تێکدەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن.
مامۆستا هادى حەمەڕەشید یەکێکە لەو مامۆستا مانگرتووانە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو دواى ئەوەى حکومەتى هەرێم و لایەنە پەیوەندیارەکانى دیکە، وەک پێویست نەهاتوون بەدەمیانەوە، دەیانەوێت و بیریان لەوەکردوەتەوە رێگەیەکى نوێى ناڕەزایەتى هەڵبژێرن.
هادى حەمەڕەشید وتى بیرمان لەوەکردوەتەوە مانگرتووەکانى سلێمانى بچینە بەردەم ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لە بەغداد بە ئۆتۆمبێلى فریاکەوتن و لەوێ درێژە بەناڕەزایەتیەکانمان بدەین.
هاوکات هەر ئەمڕۆوەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، بڕی (958.012.332.759) دینار، وەک شایستەی موچەی مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2025ـی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم، خراوەتەسەر هەژماری بانکی وەزارەتەکە.
دەشڵێت: دوای تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلەکە، لە نزیکترین کاتدا دەستبەدابەشکردنی موچە دەکرێت.