مەسرور بارزانى: هیوادارین کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و عێراق چارەسەرببێت
4 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران ڕایدەگەیەنێت، هیواى ئەوەدەخوازین دەنگدان لەسەر هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ئەمڕۆ سێشەممە 2/4، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکە کورتەیەکیان دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆ و دیدارەکانیان لە بەغدا تایبەت بە هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکی حکومەت سوپاسی ئەندامانی شاندەکە و هەموو تیمە تەکنیکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە زۆر پیشەییانە و دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە.
هاوکات مەسرور بارزانى: هیواشى خواست دەنگدان لەسەر هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.
دوای پێنج ڕۆژ مانەوە لە شاری بەغدا و کۆبوونەوە لەگەل وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق بۆ ڕێککەوتن لە بارەی مووچە، کەمێک پێش ئێستا شاندەکەی کوردستان گەیشتنەوە هەولێر.
ڕۆژى دووشەممە، ڕێککەوتن لە بارەی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 لە نێوان هەردوو حکومەتی کوردستان و حکومەتی عێراق کرا، بە پێی ڕێککەوتنەکە لەمەودوا مانگانە مووچەخۆرانی کوردستان هەموو مانگێک لە کاتی خۆی مووچەکانیان وەردەگرن.
ئەمڕۆ سێ شەممە، وەزارەتی دارایی عێراق بە یەک گوژمە پارەی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆ یان سبەی لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە.