سەنتەری میترۆ: داوای ئازادكردنی بەشدار بازیانی دەكەین

4 كاتژمێر لەمەوپێش



سەنتەری میترۆ رایدەگەینێت پێویستە كەیسەكانی رۆژنامەنوسی (نوسین و بیرورا) بە پێی یاسای كاری رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، هیچ یاسایەكی تر جێگەی یاسای رۆژنامەگەری ناگرێتەوە، لەم روانگە یاساییەوە داوای دەستبەجێ ئازادكردنی رۆژنامەنووس بەشدار بازیانی دەكەین بە كەفالەتی شوێنی كاركردنی.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگاداركراین كە رۆژنامەنووس بەشدار بازیانی داواكراوە سەردانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار بكات، لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە پاشان دادوەرەری لێكۆڵینەوە بریاریداوە بە مانەوەی لە گرتوخانە تا بەرواری 9ی شوباتی 2025.


هەردوو رۆژنامەنوس سەردەشت حەمە ساڵح و دانا ساڵح ، چوون بۆ سۆراخی هاوڕێكەیان  لە گرتوخانەی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی كە دەكەوێتە ناو بارەگای فەرماندەیی رێگەیان پێنەداون بیبینن.
سەردەشت بە میترۆی ووت" پاش بنكەی پۆلیسی سەرچنار براوە بۆ دادگای كەتنی یەك دادوەر بڕیاری مانەوەی داوە تا 9ی شوبات" جەختیكردەوە" پێی ووتراوە نەهاتووی بەدەم داوا یاساییەكەتەوە كە لە دژی جوڵێنراوە، لە كاتێكدا كە ئاگادار نەكراوەتەوە" 
لە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007دا لە هیچ بڕگەیەكیدا باسی دەستبەسەركردن و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسانی نەكردوە، بە هۆی كارەكەیەوە.
بە پێی شارەزایانی یاسای بڕیاری مانەوەی تۆمەتبار، لە كاتێكدا دەدرێت كە مەترسی لەسەر ژیانی هەبێت، یان گرەنتی بەردەستبوونی بۆ بەردەم دادگا لاواز بێت، كە ئەمە بەسەر رۆژنامەنوس بەشدار بازیانی جێبەجێنابێت.
سەنتەری میترۆ داوا دەكات، دەستبەجێ بە كەفالەتی شوێنی كاركردنی ئازاد بكرێت و رەچاوی ئەوە بكرێت كە كەیسەكانی رۆژنامەنوسی (نوسین و بیرورا) بە پێی یاسای كاری رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت ، هیچ یاسایەكی تر جێگەی یاسای رۆژنامەگەری ناگرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار