ئەمڕۆ هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان دابەشدەکرێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش



وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى یەک بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بەدیوانی وەزارەت و یەکهكانى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا وەزارەتی پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم، بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنجشەممە بەرواری 6ی شوباتی 2025 هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى یەکی 2025 بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بەدیوانی وەزارەت و یەکهكانى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.

ئەمەش دوای ئەوەی هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی)، ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی بەکۆتا هێناوە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژی پێنجشەممە 6ی شوباتی 2025 هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی یەک دابەشدەکرێت.

وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوە کراوەتەوە هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت. لەم مانگە سەرووی(40) چل هەزار پێشمەرگە و ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی پرۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن.
وەکو پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکجاریی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە.
پێشتر، هاوکارییەکەی هاوپەیمانان دەدرایە مووچەی لیوا هاوبەشەکان، بەڵام دوای ئەوەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە کەوتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، ئەو بڕە پارەیە دابەشی سەر لیواکانی پیادە دەکرێت، بەدەر لە مووچەکەی خۆیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار