كەشناسی: ئەمڕۆ لە زۆربەى شارەکان بەفردەبارێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش



بەپێى پێشبینیەکانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە بارانبارین لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەكرێت بەفربارین بگاتە سەنتەری شار و شارۆچكەكان.
لەبەرەبەیانى زوەوەو شەپۆڵێكی چڕی بەفر و بارانبارین هەرێمی كوردستان گرتووەتەوە و پلەكانی گەرماش دابەزین، ئەمەش بەهۆی کاریگەری تێكەڵبوونی دوو تەوژمە هەوای پەستان نزمی دەریای ناوەڕاست و بارستە هەوای ساردی سیبریی ڕووسیا ڕوودەدات و تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت.

لەڕاگەیەندراوێکیاندا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژە بەوەدەکەن: ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لە چەند شوێنێكیش هەوری سووپەرسێلی چڕ ئاسمان دادەپۆشێت، لەگەڵ بارینی نمەباران لە ناوچە جیاجیاكان.
هەروەها بەپێى پێشبینیەکان هەندێك كات بارانی مامناوەند دەبارێت بە تایبەت لە بەشی باشوری هەرێمی كوردستان، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەكان بەفر دەبارێت و پێشبینی دەكرێت لە پارێزگای سلێمانی و بەشێكی پارێزگای هەولێر، بەفر بگاتە سەنتەری شار و شارۆچكەكان."
پێشبینییەکانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان سەبارەت پلەکانی گەرما بەمشێوەیە: 

پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو، ئاڕاستەی با باشووری رۆژهەڵات دەبێت، خێرایی با لەسەرخۆ- مام ناوەند و له‌نێوان 10 بۆ 20 كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێرێكدا ده‌بێت و لە رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان، هەندێکجار چالاک دەبێت بۆ سەرووی 25 كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێرێكدا.
نزمترین پلەی گەرمی پێشبینیكراو لە ناوچە سنوورییەكان بەتایبەت لە حاجی ئۆمەران تۆماردەكرێت كە (-1) پلەی سیلیزییە و بەزرترین پلەی گەرمیش لە ئیدارەی گەرمیان دەبێت كە 13 پلەی سیلیزیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار