یەكگرتوو: پیشتیوانى خۆپیشاندەرانین نابێت ڕێگریان لێبکرێت بۆ هاتنە هەولێر
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/%D9%A3%D9%A1%D9%A2.png)
دوێنێ
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت باشترە حكومەت گوێ لە خۆپیشاندەران بگرێت نەك رێگریان لێبكات بێنە هەولێر
فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بانگەوازێك ئاڕاستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر دەكات و داوایان لێدەكات، سبەی مانگرتنی سەرتاسەری ڕابگەیەنن و هەروەها پشتیوانیش دووپات دەكاتەوە بۆ ئەومامۆستایانەی بڕیارە لە سلێمانییەوە بێنە هەولێر و خۆپیشاندان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان ئەنجامبدەن.
لەوبارەیەوە مستەفا عەبدوڵا سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانى کوردستان ڕاگەیاند: حكومەتی هەرێم فاشیل و خەمساردە بەرامبەر بە داواكاریەكانی خەڵكی كوردستان، لەجیاتی ڕێگری لەخۆپیشاندان و گردبونەوە و تۆمەت دروستكردن بۆ مامۆستا وفەرمانبەران دروست بكات، باشترە گوێیان لێبگرێت و داواكارییەكانیان جێبەجێبكات.
ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازیی و تیمی پشتیوانی لە مانگرتووان بڕیاریانداوە، ڕۆژى یەکشەممەى داهاتوو بچنە شارى هەولێر بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى.
ئەوان لە ڕاگەیەندراوێکیاندا داوایان لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ، شیوعی، هەڵوێست، بەرەی گەل، گۆڕان، بزووتنەوەی ئیسلامی هاوكارو پشتیوان بن لەم خۆپیشاندانەی كە رۆژی یەكشەمە لە هەولێر دەكرێت.
ئەمڕۆش لەزۆربەى شارو شارچکەکەکانى هەرێم دەستکرا بەناونوسین و ئامادەکارى بۆ بەشداریکردنى مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیان لەو خۆپیشاندانەى سبەینێى هەولێر.
ئەمڕۆش وەک رێگرییەک لە خۆپیشاندان و نارەزاییەکان هەر لە ئێستاوە رێگری لە هاووڵاتییانی سلێمانی دەکرێت بچنە هەولێر.
لای خۆیەوە نەجمەدین محەمەد مامۆستای ناڕازی بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لە بازگەی دێگەڵە رێگە بە هیچ هاووڵاتییەکی سلێمانی نادرێت بچێتە شاری هەولێر.
ئەم رێگرییەی پارتی لە کاتێکدایە بڕیارە سبەینێ لە شارەکانی تری هەرێمەوە مامۆستایان و فەرمانبەران ڕوو لە شاری هەولێر بکەن، لە بەرامبەر نەبوونی مووچە و نادادی و راگرتنی پلە بەرزکردنەوە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی رێکبخەن.
هاوکات وتەبێژى مامۆستایانى مانگرتوو ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆش درێژە بەمانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان دەدەن داواش لەهاوڵاتیان دەکات بەشدارى خۆپیشاندانەکەى هەولێر بکەن.
ئەمرۆ شەممە ماوەى ١٢ رۆژە ١٣ مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووەو داوای موچەو تەوتین و پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن.
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/video/photo_2025-02-09_21-24-43.jpg)