عەلى باپیر: بەدەم هاوارو داواكاریی مانگرتووانەوە بڕۆن، واز لە قسەی بێجێ بێنن
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/3424%20(2)(1).png)
دوێنێ
عەلى باپیر سەرۆکى کۆمەڵى دادگەریی کوردستان پەیامێکى سەبارەت بە مانگرتووانى سلێمانى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: گیانلەدەستدانی هەر كامێك لە مانگرتووە فیداكارەكان ئۆباڵ بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی بەرپرسانی هەرێمدایە بۆ دنیا و قیامەت.
ئەمیرى کۆمەڵى دادگەرى هەر لەو پەیامەیدا هۆشداریی بە بەرپرسانی هەرێم دەدات، ئەو دەلێت: هەرچی زووتر دڵسۆزانە بەدەم هاوار و داواكارییەكانیانەوە بچن، كە هی هەموو خەڵكە.
ئەو وتیشى: با وەك جارانی دیكەی ڕابردوو گرێی دەستان نەخەنە ددانان، وازیش لە قسەی سارد و سڕ و بێ جێ بێنن، دۆخەكە زۆر لەوە هەستیارترە بە تۆمەت بەخشینەوە و، لەپشت پەردەی ڕەشەوە تەماشاكردنی خەڵك و میللەت، چارەسەر بكرێ.
ئەمەش دەقى پەیامەکەی سەرۆکى کۆمەڵە:-
مانگرتن و خۆپێشاندان و هەڵوەستەیەك
نزیك دوو هەفتەیە ژمارەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەستیان بەمانگرتن لە خواردن كردوە، وەك هەڵوێست نواندن لە بەرانبەر شكست و كەمتەرخەمیی حكومەتی هەرێم، لە دابینكردنی مووچەی مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆراندا.
بەوبۆنەیەوەش دەڵێم:
1- بێگومان مانگرتن و خۆپێشاندانی بەشێك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم، لە شێوازەكانی بەرگرییكردنیان لە ژیان و گوزەرانی كۆی هاوڵاتییان، شایستەی سوپاس و پێزانینی هەموو لایەكە.
2- هۆشدارییش بە بەرپرسانی هەرێم دەدەم هەرچی زووتر دڵسۆزانە بەدەم هاوار و داواكارییەكانیانەوە بچن، كە هی هەموو خەڵكە و، با وەك جارانی دیكەی ڕابردوو گرێی دەستان نەخەنە ددانان و، وازیش لە قسەی سارد و سڕ و بێ جێ بێنن و، دۆخەكە زۆر لەوە هەستیارترە بە تۆمەت بەخشینەوە و، لەپشت پەردەی ڕەشەوە تەماشاكردنی خەڵك و میللەت، چارەسەر بكرێ.
3- بێگومانیش گیانلەدەستدانی هەر كامێك لە مانگرتووە فیداكارەكان ئۆباڵ و بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی حكوومەت و بەرپرسانی هەرێمدایە بۆ دنیا و قیامەت، بەو هیوایەی بەزووترین كات ئەو كێشە و گرفتە چارەسەر بكرێ.
هیچ كەسێكی خاوەن ئیمان و ویژدانیش، ناتوانێ لەگەڵ ستەملێكراواندا نەبێ و، دژی ستەم و بێدادیی نەبێ.
عەلی باپیر
9 شەعبانی 1446 ك
8 / 1 /2025 ز
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/video/photo_2025-02-09_21-24-43.jpg)