وەزارەتی ناوخۆ: هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش ڕێگریی لێدەکرێت
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/w23.png)
دوێنێ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپێشاندان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگری لێدەکرێت و هەر هەوڵێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت، رێگەی پێنادرێت".
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەیان مامۆستا و فەرمانبەرى ناڕازى، بەمەبەستى خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە سنورى سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ناوچەکانى دیکەوە، چونە هەولێر، بەڵام لە چەند شوێنێک لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە رێگریان لێکراو دواى تێپەڕاندنى بازگەى دێگەڵە، هێزە ئەمنییەکان بە زەبری هێز و گازی فرمێسکڕێژ کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا.
لەڕاگەیەندراوێکیدا وەزارەتى ناوخۆى هەرێم دەڵێت: جەند رۆژێکە لە سلێمانی گردبوونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر بەدی دەکرێت. داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران و چین و توێژەکان هەمیشە لە خشتەی کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان.
وەزارەتى ناوخۆ هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، دەڵێت: کۆمەلێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو ، پ. ک. ک. و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن.
دەقى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان
جەند رۆژێکە لە سنووری سلێمانی گردبوونەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر بەدی دەکرێت. داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران و چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە خشتەی کارە لەپێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان و لەو پێناوەش بە بەردەوامی لەگەل حکوومەتی فیدرال لە بەغدا کار بۆ بەدیهاتنیان کراوە و تا رادەیەکی باش بەرەو پێشچوون هەیە. بە هەماهەنگی لەگەل بەغدا لە هەولی چارەسەرکردنی بابەتە هەلواسراوەکانین.
ئەوەی جێگای هەلوەستەیە، کۆمەلێک کەس و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی لە عێراق دەیانەوێت ئەم داواکارییانە بە کاربهێنن بۆ مەبەستی گوماناویی خۆیان و هەندێک لایەنی پاشکۆ، لایەنەکانی لە یاسا دەرچوو ، پ. ک. ک. و کەسانی تر سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و نیازیان هەیە بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی تری هەرێم بەکاری بهێنن و بەمەش داواکارییە رەواکانی فەرمانبەران تێکەڵ بە مەرامەکانیان دەکەن. سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپیشاندان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگرییان لێدەکرێت و هەر هەولێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت رێگەی پێنادرێت.
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/video/photo_2025-02-09_21-24-43.jpg)