لە بازگەى دێگەڵە دوو ڕؤژە ڕێگە نادرێت ڕۆژنامەنووسان بگەڕێنەوە هەولێر

12 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دوێنێ بۆ ڕوماڵکردنی چالاکییەکانی مامۆستایان چوونە بازگەی دێگەلە، ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە هەولێر بەهۆی رێگرییەکانی پەدەکەوە لە گەڕانەوەیان.
فشارەکانی پارتى دیموکراتى کوردستان، بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان، مامۆستایان، فەرمانبەران و هاووڵاتییان لە باشووری کوردستان تادێت زیاتر دەبێت و لە ئێستادا رێگا نادات ڕۆژنامەنووسانی سنووری هەولێر بگەڕێنەوە شارەكەیان.

دوێنێ یەکشەممە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و کۆیە بڕیاریاندا کە چالاکییەکەیان ببەنە ناو هەولێر، بەڵام ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی ڕوویان لە هەولێر کرد لەلایەن سەربازانی پەدەکەوە لە بازگەی دێگەڵە ڕێگرییان لێکرا.
پێشتریش زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی و هەولێر سەردانی بازگای دێگەڵەیان کردبوو بۆ ڕووماڵکردنی چالاکیی مامۆستایان، دوای ئەوەی پەدەکە ڕێگەی نەدا مامۆستایان بچنە هەولێر، زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی هەولێر کە هاتبوونە شوێنی چالاکوانان نەیانتوانی بچنە ناو هەولێرەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی هەولێر لە سلێمانین و ناتوانن بگەڕێنەوە هەولێر.
ڕۆژنامەنووس نەبەز ڕەشاد یەکێک بوو لەو ڕۆژنامەنووسانەی خەڵکی هەولێرە کە ئێستا لە سلێمانییە و ناتوانێت بگەڕێتەوە پەیامێکی لە سۆشیال میدیای خۆی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ “لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەولێرەوە دەرکرام و ناهێڵن بگەڕێمەوە، دوای ڕووماڵکردنی چالاکی مامۆستایان لە دێگەڵە جارێکی دیکە ڕێگەمان پێنەدرا وەک ڕۆژنامەنووس بگەڕێینەوە هەولێر و ئێستا لە سلێمانیین، سوپاسی هەموو هاوڕێ ڕۆژنامەنووسەکانم دەکەم بۆ ئەو میواندارییە”.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار