دەستەی پشتیوانانی مانگرتووان شێوازى مانگرتن دەگۆڕن

11 كاتژمێر لەمەوپێش



ھاوڵاتى

دەستەی پشتیوانانی مانگرتووانی سلێمانی داوای لە دوکاندارەکانی ناوبازاڕ کردووە، بەمەبەستی پشتیوانی لە مانگرتووان، سبەینێ سێشەممە، بۆماوەی یەک کاتژمێر دوکانەکانیان دابخەن.
دەستەی پشتیوانیکردن لە داواکارییەکانی مانگرتووان، ئەمڕۆ لەناو بازاڕی سلێمانی کارتیان بەسەر دوکاندارەکانی ناوبازاڕی سلێمانیدا دابەشکرد و داوایان لێکردن، سبەینێ سێشەممە، بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە مانگرتووان لە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ تاوەکو 12ی نیوەڕۆ، دوکانەکانیان دابخەن.

لەوبارەیەوە بەهار مونزیر چالاکوان و ئەندامی دەستەکە رایگەیاندووە، "داوای داخستنی دوکانەکانمان لە کاسبکاران کرد، نەخشەکەمان بە ئاراستەی جیاواز دەستنیشانکرد و ئەوانیش بە شۆڕ و شەوقێکی زۆرە پێشوازیان لێکردین".
ماوەی دوو هەفتەیە 13 مامۆستا و فەرمانبەر لە سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە و داوای ئەوە دەکەن، چیتر دەست بۆ موچەکانیان نەبرێت و لەکاتی خۆیدا موچەیان پێبدرێت، هەروەها موچەی موچەخۆران بە بانکی بکرێت.

دوێنێ یەکشەممە، دەیان مامۆستا و فەرمانبەرى ناڕازى، بەمەبەستى خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە سنورى سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ناوچەکانى دیکەوە، چونە هەولێر، بەڵام لە چەند شوێنێک لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە رێگریان لێکراو دواى تێپەڕاندنى بازگەى دێگەڵە، هێزە ئەمنییەکان بە زەبری هێز و گازی فرمێسکڕێژ کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەرباری رێزگرتن لە مافی خۆپێشاندان، هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رێگری لێدەکرێت و هەر هەوڵێک بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان بێت، رێگەی پێنادرێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار