ناکۆکی لەسەر پۆستەکان، بەربەستی سەرەکی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمە

تا ئێستا یەکێتی و پارتی شەش کۆبونەوەیان کردووە و نەیانتوانیوە حکومەتی نوێ پێکبهێنن
2 ڕۆژ لەمەوپێش
دەستەواژەی بەرژەوەندی هاوڵاتیان تەنها لە بەیاننامەکانی یەکێتی و پارتی بەدیدەکرێت، بەڵام لە واقیعدا تەنها بەرژەوەندی حزبی هەوڵ و خەمی یەکەمیانە.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
سەرباری گوشارە سیاسی و جەماوەرییەکان بۆ پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، بەڵام هەریەک لە یەکێتی و پارتی نەیانتوانیوە سازان لەسەر میکانیزمی پێکەوەکارکردن بکەن لە چوارچێوەی کابینەیەکدا کە گومانەکانی هەریەکەیان بەرامبەر ئەوی تر بڕەوێنێتەوە.
پێشتر پەکێتی و پارتی لیژنەیەکی تەکنیکیان پێکهێنابوو بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی کابینەی نوێی حکومەت. لیژنەکەش دوای پێنج کۆبوونەوە، رەشنووسێکیان ئامادەکرد بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە دوا کۆبوونەوەی ئەو دوو حزبەش کە لە شاری سلێمانی بەرێوەچوو وەک هەموو جارەکانی تر لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دەڵێن کۆبوونەوەکە "ئەرێنی" بووە و بڕیاریشیانداوە درێژە بە کۆبوونەوەکانی نێوانیان بدەن "بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسندکراو لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
ناوهێنانی بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامە هاوبەشەکانی یەکێتی و پارتیدا پانتاییەکی گەورەی هەیە و هەموو کات دەدەنەوە بەگوێی هاوڵاتیاندا، بەڵام لە واقیعدا ئەو دوو حزبە ناکۆکی سەرەکیان لەسەر دابەشکردنی پۆستە باڵاکانە و هەریەکەیان دەیەوێت زۆرترین پۆست بۆ خۆی مسۆگەر بکات تا ناکۆکی ناوخۆیی حزبەکانیان تەشەنە نەکات و رێگری لە لێکترازانی گەورە لە ڕیزەکانیان بگرن.
تا ئێستا گوشارە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان پاڵنەری سەرەکی بوون لە پێکهێنانی کابینە یەک لەدوایەکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵام بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم کە ماوەی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، هەتا ئێستا گوشارە دەرەکییەکان سست و لاوازن، هەر یەک لە تورکیا و ئێران سەرقاڵی کێشەی ناوخۆیی خۆیانن و هەرچی ئەمریکاشە سەرقاڵی قەیرانی سوریایە، هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کاتی زۆر زیاتری بوێت.
دوای دوو ساڵ لە دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە ساڵی رابردوودا بە فشاری دەرەکی و دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق بریاری درێژکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە و بە نایاسایی لەقەڵەمیدا هەریەک لە پارتی و یەکێتی هاتنە ژێرباری ئەوەی هەڵبژاردن بکەن.
بە جۆرێکی تر چاودێران پێیان وایە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان تەنها بە فشاری دەرەکی هەڵبژاردن دەکات و بە فشاری دەرەکیش کابینەی حکومەت پێکدەهێنێت، ئەگەر هەندێجار جۆرە چاکسازییەکیشی ئەنجامدابێت ئەوا هەر بە فشاری دەرەکی بووە، هەر بۆیە ڕۆژ بەرۆژ متمانەی ناوخۆیی و جەماوەری لەدەستدەدات، ئەوەش هێندەی تر لە کایە ئیقلیمی و نێودەوڵەیەکاندا لاوازیکردووە.
پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت و دارشتنی کارنامەیەکی تۆکمە کە هەموان پێوەی پابەندبن و کارکردنی جدی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی هاوڵاتیان و دەستبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران، زامنی پاراستنی چوارچێوە و کیانی هەرێمی کوردستان و مانەوەیەتی، بەردەوامبوونیش لە سەر حکومڕانی رابردوو، مەترسی گەورە بۆ سەر کۆی دەستکەوتەکان لە باشووری کوردستان دروستدەکات و چارەنووسی ئەم میللەتە بە ئایندەیەکی تاریک دەسپێرێت.

