ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی چەند بژاردەیەکی قورس بووەتەوە.

تورکیا دەسەڵاتی نوێی سووریا لە دژی ڕۆژئاوای کوردستان بەکاردەهێنێت

21 كاتژمێر لەمەوپێش



مەزڵوم عەبدی دەڵێت: پرسی یەکگرتنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ سووپای سووریا لانیکەم دوو ساڵی پێویستە.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

سەرباری دڵنیاییەکانی ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی کاتی سووریا دەرحەق بە زامنکردنی مافەکانی نەتەوەی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا، بەڵام جەختیش دەکاتەوە کە هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات نەماوە.

هاوکات مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند تا ئێستا هەڵوێستی دەسەڵاتی نوێی سووریا سەبارەت بە نەتەوەی کورد و ناوچەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سووریا روون نییە و دەشڵێت: لێدوانەکانی بەرپرسانی دیمەشق ئەرێنین بەڵام کەوتونەتە ژێر گوشاری تورکیاوە  بۆ گرتنەبەری رێوشوێن لە دژی ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان.

مەزڵوم عەبدی لە میانی میوانداریکردنی لە بەرنامەی "بلا قیود" ی کەناڵی بی بی سی وتیشی: تا ئێستا تەنها یەک جار ئەحمەد شەرعی سەرۆکی دەسەڵاتی کاتی سووریای لە دیمەشق بینیوە، دەشڵێت هەر یەک لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و عەرەبی نێوەندگیری دەکەن لە نێوان ئێمە و دیمەشقدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ بەرپرسانی دەسەڵاتی کاتی لە دیمەشق هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە، بە تایبەت لە پرسی یەکگرتنەوەی هێزکانیان لەگەڵ سوپای نوێی سووریادا، هەرچی تورکیایە بە نیازە لەو رێیەوە کۆتایی بە هێزەکانی سووریای دیموکرات بهێنێت تا تەواوی هەژمونی خۆی و بەکرێگیراوانی لەو ناوچانە بسەپێنێت.

لەوبارەیەوە مەزڵوم عەبدی بەکەناڵی بی بی سی راگەیاندووە، دانوستانەکان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق کاتی زۆری دەوێت، بۆ نمونە پرسی یەکگرتنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سووریا لانی کەم دوو ساڵی پێویستە، چونکە پرسێکی گرنگ و ترسناکە و پێویستی بە دانوستانی زۆر هەیە.

لەلایەکی ترەوە ئیدارەی ئەمریکا ئاشکرایکردووە واشنتۆن رێخۆشکەر بووە لەبەردەم دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیوکرات و حکومەتی کاتی سووریادا لەرێی ئەو ئەفسەرە ئەمریکییانەی بەم دواییە سەردانی دیمەشقیان کردبوو، هەروەها بەشداری کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولایان کردووە.

کۆبوونەوەی لەو جۆرەش، ئاستێک بۆ پیلانگێرییەکانی تورکیا دەرحەق بە رۆژئاوای کوردستان دادەنێت کە دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت سوپای نوێی سووریا ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆنترۆڵ بکاتەوە، بەڵام رادەستکردنەوەی نەوت لەلایەن بەڕیوەبەرایەتی خۆسەر کە بڕیاریدا  نەوتی کێڵگەکانی دێرەزوور و حەسەکە رادەستی حکومەتی دیمەشق بکاتەوە، هێندەی تر مەترسی پیلانگێرییەکانی تورکیای کەمتر کردەوە.

لەوبارەیەوە میدیای فەرمی سووریا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی لە کێڵگەکانی دێرەزوور و حەسەکە بۆ حکومەت لە رێگەی تانکەرەوە راگەیاندوە، لە کاتێکدا لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە راگیرابوو، لە ئاکامی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی بەسەر وڵاتەکەدا هاتبوو.

دانوستانەکانی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی نوێی دیمەشق دوو لایەن کاریگەری راستەوخۆی لەسەریان داناوە، هەرچی تورکیایە نایەوێت دانوستانەکان بەرهەمداربێت و پێکهاتەی کورد لەو وڵاتە هیچ مافێک بەدەستبهێنێت، لەبەرامبەردا ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی هاندەری سەرەکی سەرکەوتنی دانووستانەکانن و دەیانەوێت لەو رێیەوە نەتەوەی کورد پێکهێنەری سەرەکی دەسەڵاتی داهاتووی سووریابێت، ئێستاش چاوەکان لەسەر بەرپرسانی نوێی دیمەشقە لەو دوو بژاردەیە کامیان هەڵدەبژێرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار