وردەكاریی كۆمەڵكوژیەكەی سوریا
.jpg)
سەرتیپ جەوهەر
دوێنێ
🔻برسێتیەك رووی لە سوریا كردووە لە مێژووی 100 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە!
🔻سێ مانگە یەك موچە دراوە، دەیان هەزار فەرمانبەر دەركراون، دەوڵەت پەكی كەوتووە.
🔻ئەو كۆمەڵكوژییەی عەلەوییەكان هەقیقەتی جۆلانیی و گروپە ئیسلامیەكانی ئاشكراكرد
✍️ سەرتیپ جەوهەر
سوریا بە بارودۆخێكدا تێدەپەڕێت زیاتر لە 100 ساڵە بارودۆخی وای بە خۆیەوە نەبینیوە. لە لایەك هیچ سیمایەكی دەوڵەتداریی نەماوە و لە لێواری شەڕێكی ناوخۆی خوێناویدایە، لە لایەكی دیكە لە ماوەی ئەم چەند مانگەی دوای ڕووخانی رژێمی ئەسەد، دۆخی ئابوریی بە جۆرێك خراپ بووە، خەریكە نان كڕین بۆ هەژاران زەحمەت دەبێت، دەتوانین بڵێین زیاتر لە 100 ساڵە سوریا گرانیی و برسێتی لەوشێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
ئەمڕۆ سێ مانگی تەواو بەسەر رووخانی رژێمی ئەسەددا تێدەپەڕێت، جگە لە چەند فەرمانگەیەك ئەوانیش بەنیوەناچڵی، تا ئێستا فەرمانگەكانی دەوڵەت لە دیمەشق و ناوچە جیاوازەكان كارناكەن. خوێندنگا و نەخۆشخانە و فەرمانگەكانی خزمەتگوزاریی دەتوانین بڵێین پەكیان كەوتووە. دەیان هەزار فەرمانبەر و كاربەدەستی جیاواز كارەكانیان جێهێشتووە، یاخود لە لایەن كاربەدەستانی نوێوە بە تۆمەتی بەعسیبوون لەسەر كار دەركراون، تەنانەت لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا 190 دادوەر لە دادگاكان دوورخراونەتەوە. دزی و راو و رووت تەشەنەیكردووە، بەڵام هاوڵاتیەك بیەوێت سكاڵا تۆماربكات، بنكەكانی پۆلیس بەشێوەیەكی گشتیی كارناكەن تا هاوڵاتیان روویان لێبكەن.
لە دیمەشق سیمای دەوڵەتداریی نابینرێت، كەس دەسەڵاتدارانی نوێ ناناسێت. نە سوپا هەیە و نەفەرمانگەی ئاسایش، ئەوەی هەیە چەند بنكەو بارەگایەكی گروپە جیاوازەكانی دەستەی تەحریریی شامە بە سەرۆكایەتی محەمەد جۆلانیی. لە ماوەی سێ مانگدا دەسەڵاتداران تەنها یەك موچەیان داوە، ئەویش بەسەر نزیكەی 50%ی فەرمانبەرانیان دابەشكردووە. دەكرێت بڵێین بارودۆخێكی ئابوریی ئەوەندە خراپ رووی لە سوریا كردووە، كڕینی دەستەیەك نان بۆ هاوڵاتیان زۆر زەحمەت بووە. ئەگەر بارودۆخ بەمشێوەیە بەردەوام بێت مەرگەساتێكی گەورە رووبەرووی ئەو وڵاتە دەبێتەوە.
سێ مانگ بەسەر رووخانی رژێمی ئەسەد تێدەپەڕیوە، تائێستا دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق نەیانتوانیوە نەخشەڕێی گواستنەوەی دیموكراتیانەی دەسەڵات دابڕێژن كە بریتیە لە هەڵبژاردن و نوسینەوەی دستور بە بەشداریی هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی سوریا. چونكە لەلایەك بڕوایان بە گواستنەوەی دیموكراتیانەی دەسەڵات نییە، لەلایەكی دیكە دەستوەردانی ئیقلیمیی بەتایبەتیش توركیا بارودۆخێكی تایبەتی بەسەردا سەپاندوون ئەویش پەراوێزخستنی هەموو پێكهاتە جیاوازەكانە لە داڕشتنەوەی سیستمی حوكمڕانیی لەو وڵاتە.
لە ماوەی سێ مانگی رابردوو جۆلانیی و گروپەكەی ناواقعیانە مامەڵەی لەگەڵ دۆخی نوێی سوریادا كردووە، بۆیە دەبینین لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو جگە لە كوژرانی سەدان چەكداری گروپە جیاوازەكانی دەستەی تەحریری شام، هاوكات سەدان هاوڵاتی بێ تاوان لە ناوچەی عەلەوییەكان بەدڕندەترین شێوە لەلایەن گروپە ئیسلامییەكانەوە كۆمەڵكوژكران.
دیمەنی كوشتن و سەربڕین و سوتاندنی هاوڵاتیانی مەدەنی عەلەوی، دەبوو دونیا بهەژێنێت، بەڵام بەداخەوە هەم میدیای عەرەبیی زۆر بێویژدانانە مامەڵەی لەگەڵ كردن و بە بەعسی ناویان دەبردن، هەمیش كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێدەنگ بوو لە ئاست ئەو تاوانە گەورەیەی محەمەد جۆلانیی و گروپەكەی لەو ناوچانە كردیان.
ئەم كۆمەڵكوژییەی عەلەوییەكان، دەمامكی جۆلانیی و دەسەڵاتدارانیی نوێی دیمەشقی خستەخوارەوە، بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و پێكهاتەكانی دیكە بەتایبەت كورد و دروزی پشتڕاستكردەوە كە هەڵكردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق ئاسان نییە و لەمەودوا ناكرێت هیچ لایەك باسی هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزی چەكداریی دروزەكان بكات.
هەر لەسەرەتای رووخانی رژێمی ئەسەد عەلەوییەكان ترسی پەراوێزخستن و كۆمەڵكوژكردنیان لێ نیشتبوو. لەماوەی ئەو سێ مانگەدا گروپی جیاوازی چەكداریان دروستكردووە، هاوكات زەمینەیەكی لەبار هەیە بۆ هاوكاریكردنیان لەلایەن وڵاتانی دژی دەسەڵاتدارێتی دیمەشق بە تایبەتیش ئێران و روسیا.
بەپێی زانیارییەكان لەماوەی چەند هەفتەی رابردوو دوو گروپی جیاوازی عەلەوییەكان بەڕێبەرایەتی دوو ئەفسەری پێشووی رژێمی بەعس؛ یەكەمیان بەناوی ئەنجومەنی سەركردایەتی سەربازیی بۆ رزگاركردنی سوریا بە فەرماندەیی عەمید "غەیاس سلێمانی دەلە" كە ئەفسەرێكی عەلەوییە و پێشتر سەرۆكئەركانی فیرقەی 4ی ماهیر ئەسەد بووە، دووەمیشیان گروپێكی چەكدارییە بەناوی "لیوای درع" بە فەرماندەیی كۆنە ئەفسەرێكی حزبی بەعس بەناوی "میقداد فتێحە" کە رۆژی 6ی ئەم مانگە لە چەند ناوچەیەكی جیاوازیی عەلەوییەكان لە شارەكانی جەبلە و تەرتوس و لازقیە پەلاماری میلیشیاكانی محەمەد جۆلانیی دەدەن و بەپێی راپۆرتی رۆژنامەوانیی سەدانیان لێ دەكوژن. ئەم كردەوەیە كاردانەوەی زۆر توندی لەلایەن گروپە ئیسلامییە توندڕەوەكان و خودی محەمەد جۆلانییەوە دروستكرد، وایكرد بانگەوازێكی گشتیی (نفیر عام) بكەن بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ پەلاماردانی عەلەوییەكان، ئەوەبوو لەماوەی 48 كاتژمێردا پەلاماری گشتگیریی ناوچەكانی كەنار دەریای سپی (ساحل)یاندا و بە دڕندەترین شێوە كەوتنە گیانی هاوڵاتیانی مەدەنیی و سەدان كەسیان لێ كۆمەڵكوژكردن. تائێستا هیچ ئامارێك بەردەست نییە، بەڵام پێشبینی دەكرێت نزیكەی 3 هەزار هاوڵاتیی كوژرابێت.
لەماوەی دوو رۆژی پەلاماردانەكانی چەكدارانی ئیسلامیی سەر بە محەمەد جۆلانیی، میدیای عەرەبی (ئەلعەرەبیە، سكای نیوز، جەزیرە، حەدەس) بەهەمووشێوەیەك هاوكاریی جۆلانیان كرد. راستیی كۆمەڵكوژییەكانیان شاردەوە و رووداوەكانیان بەرووبەرووبونەوەی پاشماوەی رژێمی بەعس و سوپای سوریا وەسفدەكرد. هاوكات كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەتایبەتیش ئەمریكا و ئەوروپا بەتەواوی بێدەنگ بوون لەو رووداوانە! تاكە وڵاتێك راشكاوانە راستیی ئەو پێكدانانەی خستەڕوو ئیسرائیل بوو كە بەكۆمەڵكوژیی عەلەوییەكان ناوی برد.
بەپێی خوێندنەوەی سەرەتایی، جگە لەوەی زەمینەی دژایەتیكردنی جۆلانیی لە ناوچەی عەلەوییەكان هەیە، هاوكات پێدەچێت ئێران لە پشت دروستكردنی ئەو گروپە چەكدارانەی عەلەوییەكانەوە بێت. ئێران دەیەوێت رۆڵی خۆی لە سوریا بژێنێتەوە و لەو رێگەیەوە ناوچەی عەلەوییەكان كۆنترۆڵ بكات كە ناوچەیەكی زۆر ستراتیژییە، هاوكات فشار لەوڵاتانی عەرەبی بكات كە ئێستا پشتیوانی جۆلانین.
عەمید "غەیاس سلێمانی دەلە" كە خۆی وەك بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی سەربازیی بۆ رزگاركردنی سوریا ناساندووە، پیاوی ماهر ئەسەدە و پێشتر لە 2020 وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا ناوی خستۆتە لیستی رەشەوە بەهۆی رۆڵی لە كۆمەڵكوژكردنی خەڵكی (داریا) لە گوندەواری دیمەشق لەساڵی 2012 كە بووەهۆی كۆمەڵكوژكردنی نزیكەی هەزار هاوڵاتیی سوریا. ئەو ئەفسەرە بە پەیوەندی لەگەڵ ئێران ناسراوە و رۆڵی گەورەی هەبووە لە فراوانكردنی هەژموونی ئێران لەناو سوپای سوریا.
میقداد فتێحە (ئەبو جەعفەر) ئەویش كۆنە ئەفسەرێكی رژێمی ئەسەدە، گروپێكی نوێی لەرۆژی 6ی ئەم مانگە بەناوی (درع الساحل) راگەیاند بە پەیوەندی لەگەڵ سوپای پاسداران ناسراوە. تۆمەتبارە بە كۆمەڵكوژكردنی هاوڵاتیانی سوریا بەهۆی راپەڕینەكانی 2011 دژ بە رژێمی ئەسەد.
تا ئێستا هیچ كام لە فەرماندە و بەرپرسی ئەو دوو گروپە جیاوازە دەستگیرنەكراون، بەڵام پێدەچێت ئەم رووبەرووبونەوەیە سەرەتایەكی نوێ بێت بۆ شەڕی ناوخۆ لە سوریا بەتایبەتیش ناوچەی عەلەوییەكان ناوچەیەكی سەخت و شاخاوییە، بەرگریكردن لێی ئاسانە بۆ گروپەكان. هەروەك بەپێی زانیاریی نوێ، بەرپرسانی بەعس لەناو سوپای ئەسەد پێشتر چەك و تفاقێكی زۆریان لەوناوچانە شاردۆتەوە چونكە پێشبینی ڕووخانی رژێمی ئەسەد و رۆژێكی رەشیان دەكرد.
هاوكات تا ئێستا سنوری لوبنان بەرووی سوریادا كراوەیە و بەتەواوی كۆنترۆڵ نەكراوە، بۆیە گواستنەوەی چەك و پێداویستی شەڕ بۆ ناوچەی عەلەوییەكان لەلایەن حزبوڵلای لوبنانییەوە ئاسانە.
