دیمەشق چوونی هێزی سەربازی و ئەمنی بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوا قەدەغە کردووە

6 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوەیەک بە تەلەفیزیۆنی سوریای گوتووە، حکومەتی سوریا بە بڕیارێک چوونی هێزە سەربازییەکانی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات قەدەغەکردووە.
بەگوتەی سەرچاوەکە، ئەو بڕیارە لە ترسی هەڵسوکەوتی نەشیاوی تاکەکەسی و رێگری لە روودانی پێشێلکاری دەرچووە.
بڕیارەکە بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی رێککەوتنی رادەستکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت جێبەجێ دەکرێت و هەسەدە بەتەواوی تێکەڵ بە حکومەت دەکرێت.
مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا رێککەوتنێکى هەشت خاڵیان واژۆکرد، کە تێیدا جەخت لە تێکەڵکردنى دامەزراوە مەدەنى و سەربازییەکانى ئیدارەى خۆسەر لە گەڵ دیمەشق کراوەتەوە.
رێککەوتنەکە لەلایەن هەریەکە لە مەزڵوم عەبدى و ئەحمەد شەرعەوە واژۆکراوە دواى کۆبوونەوەى نێوانیان لەرۆژى 10 ى ئازارى 2025، کە تایبەتە بە تێکەڵکردنى دامەزراوەکانى ئیدارەى خۆسەر لەگەڵ حکومەتى دیمەشق، راگەیاندنى ئاگربەست و مافەکانى کورد لە دەستور، ئەوەش بەپێی دەقى رێککەوتنەکە کە سەرۆکایەتى کۆمارى سوریا بڵاویکردووەتەوە.
