الشرق الاوسط: ڕفێنەرەكانی کچە ئیسرائیلیەكە داوای 200 ملیۆن دۆلاریان كردووە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
واشنتۆن ڕێککەوتنێکی رەتکردەوەتەوە بۆ پێدانی پارەو ئاڵوگۆڕی زیندانی، بۆ ئازادکردنی بارمتەیەکی ئیسرائیلی لە عێراق، دوای ئەوەی هەوڵەکانی نێوەندگیری لە پایتەختى وڵاتێكی عەرەبی شكستیهێناوە.
تسورکۆڤ، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی پرینستۆن و هاوڕێی پەیمانگای نیو لاینز بۆ ستراتیژی و سیاسەت، لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ەوە لە عێراق بێسەروشوێنە. دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دواتر ڕایانگەیاند کە ئەو کچە ڕفێندراوە و گروپێکی لایەنگری ئێرانیان بە هۆکاری دیارنەمانی ئەو کچە تاوانبار کردووە.
سەرچاوەکان وردەکاریی پشت پەردەی کۆبونەوەیەکیان ئاشکرا کردووە، کە لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردوو، لەنێوان دانوستانکارانی ئەمریکی و عێراقیدا ئەنجامدراوە، بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی كچە توێژەر ئەلیزابێس تسورکۆڤ، کە لە مانگی ئازاری (2023) لە بەغداد بێسەروشوێن بووەو، گروپی حزبوڵڵا بە رفاندنی تۆمەتباردەكرێت.
بەرپرسانی ئەمەریکا بڕی (200) ملیۆن دۆلار وەك فدیەو ئازادکردنی كەسانی لایەنگری ئێران لە عێراق و لوبنانیان رەتکردوەتەوە، لەنێویاندا کاپتنێکی دەریایی کە بۆ حزبوڵای لوبنانی کاریكردووە.
بەگوێرەی ئەو چاوپێكەوتنانەی كە رۆژنامەكە لەگەڵ دەیان کەسی بەشداربوو لە دانوستانەکانی ئازادکردنی تسورکۆڤ ئەنجامیداوە، ئاماژەیان بەوە کردووە، رفێنەرەکان نمونەیەکی بەهێزن بۆ فشۆڵی پلانەکانی بەغداد بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان.
سەرچاوەکان رایانگەیاند، رەتکردنەوەی ئاڵوگۆڕکردنی تسورکۆڤ به دەستگیرکراوان، ئاماژەیه بۆ ئەوەی ئێران له ژێر فشاردایەو هەوڵدەدات خۆی لە لەدەستدانی هەژموونی بپارێزێت له عێراق.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەختی لەسەر پێویستی ئەوە كردووەتەوە حکومەتی عێراق بە زووترین کات زامنی ئازادکردنی تسورکۆڤ بكات.
بەرپرسێکی عێراقی دووپاتی کردووتەوە، حکومەتى بەغداد بەپێی چوارچێوە یاساییەکان، مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی تسورکۆڤ دەکات، هەروەها دەزگایەکی ئەمنی عێراقی ئەرکی پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە دۆستەکانی پێ سپێردراوە، بۆ ئەوەی بەم نزیکانە ئازادکردنی ژنە رفێندراوەکە مسۆگەر بکات.
رۆژی 5ـی تەممووزی 2023، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، چوار مانگە هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی - رووسی بەناوی ئێلیزابێس تسورکۆڤ، لە عێراق بێسەروشوێنە، بەڵام ئێستا بۆیان ئاشکرا بووە کە ئەو ئافرەتە زیندووە و لەلای چەکدارانی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقەوە دەستبەسەرکراوە.
