هەسەدە و دیمەشق دیلەکان لەنێوانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن

12 كاتژمێر لەمەوپێش
پارێزگارى دێرەزوور رایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت هێزەکانى سوریاى دیموکرات و حکومەتى دیمەشق لەدوو هەفتەى داهاتوودا ئاڵوگۆڕى دیل و زیندانی لەنێوانیاندا بکەن، لەگەڵ پێکهێنانى لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنى نێوانیان.
غەسان ئیلیاس پارێزگارى دێرەزوور رۆژى پێنج شەممە لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئەوەى ئاشکرا کردووە، دەستکراوە بە پێکهێنانى لیژنەیەکى ناوەندى بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنى نێوان هەسەدە و دیمشق.
ئەو بەرپرسە وتیشى چوار ئەندامى لیژنەکە لەلایەن حکومەتى سوریاوە دیاریدەکرێن لەچوارچێوەى لیژنە ناوەندییەکە کە بەسەر لیژنەى تایبەتمەندى سەربازى و ئابورى دابەشدەکرێت.
پارێزگارى دێرەزوور باسى لەوەشکرد، چاوەڕواندەکرێت پێش کۆتایی هاتنى رەمەزان، ئاڵوگۆڕى دیل و زیندانی لەنێوان هەسەدە و دیمەشق بەڕێوەبچێت.
رۆژى 10 ى شوباتى 2025، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا رێككەوتنێكی هەشت خاڵیان واژۆكرد، كە تێیدا جەخت لە تێكەڵكردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی ئیدارەی خۆسەر لە گەڵ دیمەشق كراوەتەوە.
رێككەوتنەكە لەلایەن هەریەكە لە مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرعەوە واژۆكراوە دوای كۆبوونەوەی نێوانیان لەرۆژی 10 ی ئازاری 2025، كە تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، راگەیاندنی ئاگربەست و مافەكانی كورد لە دەستور، ئەوەش بەپێی دەقی رێككەوتنەكە كە سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بڵاویكردووەتەوە.
خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە
خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە تایبەتە بە گرەنتی مافی سەرجەم هاوڵاتییانی سوریا لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت، خاڵی دووەمیش تاییەتە بەوەی كە مافە دەستورییەكانی كورد گرەنتی دەكرێت و كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا.
لەخاڵی سێیەمی رێككەوتنەكەدا، جەخت لە راگەیاندنی ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا كراوەتەوە. خاڵی چوارەمیش تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەكانی ئیدارەی خۆسەر لەچوارچێوەی سوریا لەناویاندا دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانە و كێڵگەكانی نەوت و غاز.
بەپێی خاڵی پێنجەمی رێككەوتنەكە، پێویستە گرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بكرێت بۆ ناوچەكانیان. هەروەها لەخاڵی شەشەمدا جەخت لە پاڵپشتیكردنی دەوڵەت كراوەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەكانی ئەسەد. خاڵی حەوتەمیش تایبەتە بە رەتكردنەوەی دابەشبوونی سوریا.
لەخاڵی هەشتەم و كۆتایی رێككەوتنەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، كە لیژنە تایبەتمەندەكان پێویستە تا كۆتایی ئەمساڵ رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەن.
