ئێران: پاش پێداچوونەوەی ورد وەڵامی نامەکەی ترەمپ دەدەینەوە

7 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: نامەکەی ترەمپ بۆ رێبەری ئێران بەدەستمان گەیشتووە و پاش “هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی ورد” بڕیارێک لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ئەو نامەیە دەدرێت.
ئەم نامەیە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لە سەردانەکەی ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئیمارات گەیەندرایە تاران و رادەستی بەرپرسانی ئێران کرا.
عەلی خامنەیی رۆژی چوارشەممە پێش ئەوەی نامەکە بگاتە دەستی لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکار، بە ئاماژەدان بە نامەکەی ترەمپ رایگەیاند، کە قسەکانی ترەمپ و بانگهێشتکردنی ئێران بۆ دانوستان، “فریودانی بیروڕای گشتی”یە لە سەرانسەری جیهاندا.
خامنەیی، جارێکی دیکە هەر جۆرە دانوستانێکی لەگەڵ ئەمریکا رەتکردەوە و گوتی: ئێمە چەند ساڵێک دانیشتین و دانوستانمان کرد بەڵام ترەمپ ساڵی 2018 دانوستانە تەواوکراوەکانی دڕاند، بۆچی دانوستان بکەین لەکاتێکدا دەزانین ئەمریکا پابەند نابێت؟
ترەمپ رایگەیاندووە: کێشەی ئەتۆمیی ئێران گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و ئەم کێشەیەش لە رێگەی دانوستان یان هێرشی سەربازی چارەسەر دەبێت.
