ئەمەریكا و ئیسرائیل بەنیازن فەڵەستینیەكان لە ئەفریقا نیشتەجێبکرێن

3 مانگ لەمەوپێش



ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس لە زاری چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی و ئیسرائیلی ئاشكرایكردووە، ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ سێ دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا كەوتوونەتە گفتوگۆ بۆ بەكارهێنانی خاكەكانیان بۆ دووبارە نیشتەجێكردنی فەڵەستینیەكانی غەززە.

ڕاپۆرتەكەی ئەسۆشەیتد پرێس ئەوەشی ئاشكراكردووە، ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ هەریەك لە سودان و سۆماڵ و هەرێمی سۆماڵیا كە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نەنراوە دەستیان بە گفتوگۆ كردووە تا خاكەكانیان بەكاربهێنن بۆ نیشتەجێكردنی ئەو كەسانەی لە غەززە ئاوارەبوون، بەپێی ئەو پلانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ دوای جەنگی غەززە ئامادەی كردووە.

وەك ئاژانسەكە ئاماژەی پێداوە، بەرپرسانی سودان ئەو پێشنیازەیان ڕەتكردووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی سۆماڵ و هەرێمی سۆماڵیا ڕایانگەیاندووە كە ئاگاداری هیچ شتێك نین لەوبارەیەوە.

سەرەتای ئەم مانگە دەوڵەتانی عەرەبی لەسەر پلانێكی میسر بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی غەززە ڕێككەوتن بە بەهای 53 ملیار دۆلار كە دەتوانێت ڕێگری لە پلانی كۆچپێكردنی خەڵكی غەززە لە دیدگای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكاوە بكات وەك ئەوەی خۆی دەڵێت "كەرتی غەززە دەگۆڕێت بۆ ڕیڤیرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

ئەو پێشنیازەی ئەمەریكا كە ئیسرائیل پشتیوانی دەكات لەكاتێكدایە، لەماوەی 17 مانگی ڕابردوودا بەهۆی جەنگ و هێرشی ئیسرائیل كەرتی غەززە بەتەواوەتی وێران بووە و هەزاران كەسیش كوژراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار