ئەمریکا: دەمانەوێت ڕۆڵی کارامان هەبێت لە دیاریکردنی داهاتووی سوریا

3 ڕۆژ لەمەوپێش
ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان گوتووە، نێوەندگیری و پاڵپشتی لە رێکەوتنی هەسەدە و دیمەشق، بۆئەوەیە بتوانن لە سوریا کاریگەرییان بمێنێت، رۆڵێکی کارایان لە داهاتووی ئەو وڵاتە هەبێت.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکیانە، یەکخستنی هەسەدە و هێزەکانی دیمەشق وادەکات لە ئەرکە سەربازییەکانیان بەردەوامبن، چونکە رۆڵ و کارگەرییان نابێت و ناتوانن بۆردومان بکەن، ئەگەر لایەنێک نەبێت لە نێو سوریا کاری لەگەڵدا بکەن، لەبەرئەوە رۆڵی نێوەندگیریان بینیوە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لەزارى بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت رۆڵی ناوبژیوانمان بینی بۆ گفتوگۆى نێوان کوردانى رۆژاڤا و حکومەتی نوێی سوریا بۆ لێکنزیکبوونەوە، هەروەها نوسیویەتى ئاڵوگۆڕی بیروڕا و گفتوگۆى زۆر لە نێوان کورد و حکومەتی نوێی سوریادا کراوە.
ئامانجێکی دیکەیان لەو رێککەوتنە، بریتییە لە رێگری لە تێکچوونی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و شەڕی نێوان پێکهاتەکان، لەبەرئەوەی دەیانەوێت رۆڵی کاران هەبێت لە دیاریکردنی داهاتووی سوریا.
بەرپرسە ئەمریکییەکان ئەوەشیان ئاشکراکردووە، ئەگەری کشانەوەیان لە سوریا، فشاری بۆسەر هەسەدە دروستکردووە تا لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق رێکبکەوێت.
هەروەها هاوشێوەی هەسەدە، هانی سوپای سوریای ئازادیان داوە رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق بکات.
