لە غەززە نرخی خۆراک بە ڕێژەی 200% بەرز بووهتەوە

3 هەفتە لەمەوپێش
پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (WFP) لە ڕاپۆرتێکدا هۆشدارییەکی توندی لەبارەی ئاسایش و قەیرانی خۆراک لە کەرتی غەززە و كهناری ڕۆژئاوا بڵاو کردەوە.
پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی کەرتی غەززە ڕاپۆرتێکی زانیاریی تایبهت به قەیرانی خۆراک لە كهرتهدا بڵاو كردووهتهوه و تێیدا هاتووە: لە 2ـی ئادارەوە، بەهۆی داخستنی سنوورەکان هیچ هاوکارییەکی ڕێکخراوەکە نەگەشتووهتە کەرتی غەززە، بەمەش نرخی خۆراک بهتایبهتی ئارد، شەکر، سەوزەومیوە بە ڕێژەی 200% بەرز بووهتەوە.
هەروەها بەهۆی کەمی خۆراکەوە پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی ڕێژەی دابینکردنی خۆراکی بۆ هەر خێزانێک کەم کردووتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین کەس سوودمەند بن لە هارکارییەکان.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، لە کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی 42 ڕۆژە کە لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025 دەستی پێکرد، پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی زیاتر لە 40 هەزار تۆن خۆراکی گەیاندووهتە کەرتی غەززە و هاوکاری پێشکەش بە یەک ملیۆن و300 هەزار کەس کردووە. سەرەڕای ئەوەش، زیاتر لە شەش ملیۆن و 800 هەزار دۆلاری ئەمهریکی وەک هاوکاری نەختینەیی ئەلیکترۆنی دابەش کرا، کە نزیکەی 135 هەزار کەس (26 هەزار و 600 خێزان) سوودی لێ بینی و یارمەتی دان بۆ کڕینی شتومەکی سەرەکی.
پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لە بارەی كهناری ڕۆژائاوا ڕایگەیاندووە، بەهۆی چالاکی سەربازی و ئاوارەبوون و سنووردارکردنی چالاکییەکان، دابەشکردنی خۆراک سنوورداربووە.
هەروەها ئاماژەشی داوە، لە ناوەڕاستی کانوونی دووەم تاوەکوو ئێستا دەیان هەزار کەس ئاوارە بوونە.
خراپتربوونی بارودۆخی ئابووری لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، بووهتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاوارەبوون و بێکاری، کە ئەمەش وا دەکات زۆرێک لە خێزانەکان نەتوانن خۆراک بکڕن.
پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی مانگانە یارمەتی پێشکەشی زیاتر لە 190 هەزار کەس دەکات و یارمەتی ههمیشهییش پێشکەش بە 16 هەزار کەسی کەم دەرامەت دەکات.
هەروەها لە کۆتاییدا باس لەوە دەکات پێویستیان بە 265 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی هەیە وەک بودجە بۆ شەش مانگی داهاتوو بۆئەوەی بتوانن هاوکاری یەک ملیۆن و 400 هەزار کەس لە کەرتی غەززە و كهناری ڕۆژئاوا بکەن.
