ئێران: هەناردەکردنی نەوت راناگرین

2 هەفتە لەمەوپێش
فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی حکومەتی ئێران، وەڵامی بڕیارەکەی ئەمریکای دایەوە، بە سەپاندنی سزا بەسەر موحسین پاک نەژاد، وەزیری نەوتی ئێران و جەختیکرد، هەناردەکردنی نەوتی ئێران راناگیرێت و تاران دەستبەرداری پشکی خۆی نابێت لە بازاڕی نەوتی جیهانی.
موهاجرانی، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نوسیویەتی: کاتێک گەمارۆکان بەو خێراییە بەسەر وەزیری نەوتدا دەسەپێنرێن، ئەوە بەڵگەی نیگەرانییە لە زیادبونی چالاکیی و جوڵەی وەزارەتەکە. ئەگەر سزاکانی پێشوو کاریگەر بوونایە، پێویستیان بە سەپاندنی سزای نوێ و نوێکراوە نەدەبوو. هەناردەکردنی نەوت ناوەستێت، دەستبەرداری پشکی خۆمان نابین لە بازاڕی جیهانی.
دوێنێ، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، موحسین پاک نەژادی خستە لیستی سزاکانی خۆیەوە، لە هەنگاوێکەدا كە وەک بەشێک لە سیاسەتی زۆرترین فشاری واشنتۆن لە دژی تاران تەماشا دەکرێت، ئەوە لەكاتێكدایە، پاک نەژاد تەنها حەوت مانگ بەسەر دەستبەكاربونیدا تێپەڕیوە.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانووستاندنەکانی هەردوو وڵات سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی ناردووە، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، دەکرێت دانووستاندنی ناڕاستەخۆ لەگەڵ ئەو وڵاتە ئەنجام بدەین.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: داوا دەکەین ئەمریکا سزاکانی ئێران هەڵبگرێت و دانووستاندن تەنیا لەژێر هەلومەرجی یەکسان دوور لە فشار و هەڕەشە ئەنجام دەدەین.
