وەزارەتی دارایی دوو نووسراو لەبارەی مووچەی مانگی سێ دەردەکات

دوێنێ



 

بەمەبەستى زووتر تەواوکردنى لیستى مووچەى مانگى سێ وەزارەتی دارایی کوردستان دوو نووسراوی ئاراستەی یەکە ژمێریارییەکانی وەزارەتەکان کردووە.
لەو نوسراوەدا  دوایین وادەی بۆ وەزارەتەکان و دەستە و فەرمانگەکان دیاری کردووە بۆ ئەوەی لیستی نوێی مووچەیان بە سیستەمی پەیرۆڵ بۆ بنێرن.

تا ئەمرۆ شەممە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی سێ بەردەوامە ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە پیش هاتنی جەژن مووچەی مانگی سێ دابەش بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی دارایی دوا وادەی سەبارەت بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی سێ داوەتە وەزارەتەکان.

بەپێى بڕیارو ڕێنماییەکان دوایین وادە سبەی یەکشەممە کاتژمێر 11ـی بەیانییە و ئەمە بە نووسراوی فەرمی بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان نێردراوە، دەبێ تا ئەوکات سەرجەم یەکە ژمێرییەکان لیستی مووچە بۆ وەزارەتی دارایی کوردستان بنێرن، لەوێش پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و  بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێردرێت.

وەزارەتی دارایی لە نووسراوەكەدا داوای لە وەزارەت و فەرمانگەكان كردووە بە هیچ جۆرێک هیچ کەسێک زیاد نەكرێت لە لیستی مووچە، بە هۆکاری ئەوەی کەسوکاری شەهیدە یاخود لەبیر کراوە یان هەر هۆکارێکی دیكە، واتا نابێت یەك ناویش زیاد بكرێت.

داواشی كردووە ڕوونکردنەوەیەک بە زمانی عەرەبی بە پەسەندكراوی ڕەوانە بكەن كە تێیدا بە تەواوی ئاماژە بە وردەکارییەکان بکرێت، نموونە چەند کەس مانگی سێ خانەنشین بوونە، لەگەڵ سەرجەم وردەكارییەكانی دیكە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی كوردستان نووسراوێکی دیکەی بۆ یەكە ژمێریارییەكانی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان ناردووە و ئاگاداریان دەكاتەوە بۆ لیستی مانگی سێ سەرمووچە نابەسترێت و زیاد ناكرێت، واتا ئەگەر فەرمانبەرێك بۆی نەبەسترابێت نابێت لە لیستی مانگی سێدا زیاد بكرێت، چونكە بەغدا قبووڵی ناكات.

هەروەها هیچ جیاوازییەك لە دەرماڵە ناكرێت تەنیا لە چەند حاڵەتێك نەبێت، وەك  گەڕانەوە لە مۆڵەتی بێ مووچە یاخود مۆڵەتی دایكایەتی یاخود كەسێك كە مانگی ڕابردوو سزای هەبووە یاخود مۆڵەتی هەبووە، بەو هۆیەوە دەرماڵەیەكی كەمكرابێتەوە ئەوا بۆی زیاد دەكرێت.
وەزارەتی دارایی جەخت دەكاتەوە جگە لەو بڕگانەی سەرەوە نابێت بە هیچ جۆرێك دەستكاری بڕی مووچە و دەرماڵەكان بكرێت.

لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرجەم وەزیرەکانی ڕاسپارد کە پەلە بکەن لە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی سێ تەنانەت لە ڕۆژانی پشووش کاربکەن، بۆ ئەوەی بتوانن پێش جەژن مووچەی مانگی سێ دابەش بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار