لەتیف ڕەشید: پەلە بکرێت لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا

20 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سەرۆککۆماری عێراق داوادەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان پەلە بکەن لەگۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگا هەنگاوە یاساییەکانی لەئەنجومەنی نوێنەران تەواو بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە بۆ شارەکە.

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 16-03-2025) لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە. لەبەشێکى بەیاننامەکەیدا سەرۆک کۆمار دەڵێت تراژیدیای شاری هەڵەبجە ئەمڕۆ داوامان لێدەکات بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین بۆ چەسپاندنی ئەزموونی دیموکراسی لە وڵاتەکەماندا.

هەروەها ئەوەخراوەتەڕوو: داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکە کۆکوژیە قەدەغەکراوە نێودەوڵەتییەوە و ڕاگرتنی جەنگ و ململانێکان و چەسپاندنی سەقامگیری ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکە و جیهاندا.

لەتیف رەشید لە کۆتایی بەیاننامەکەى دەڵێت: هانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدەین پەلە بکەن لەگۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگا و هەنگاوە یاساییەکانی لەئەنجومەنی نوێنەران تەواو بکەن.

هەروەها هاتوە: ئەمەش  بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە بۆ شارەکە وبەرجەستەکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێویستیان پێیەتی و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان لەبەرامبەر ئەو زیانانەی کە هێشتا بەدەستیانەوە دەناڵێنن.

بەیاننامە
لەم ڕۆژەدا بە ئازار و غەمێکی قووڵەوە، یادی قێزەونترین تاوان لە مێژووی هاوچەرخدا بەبیر دەهێنینەوە، کاتێک ڕژێمی دیکتاتۆری تاوانی بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجەی بەچەکی کیمیایی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی ئەنجامدا.
 ئەو تاوانە دڕندانەیەی کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی هەزاران منداڵ و ژن و بەساڵاچووان و وێرانکردنی چەندین گوندی کوردی، کە ڕەنگدانەوەی ڕادەی ستەم و زۆرداری  ڕژێمی پێشوو بوو دەرهەق بە هاوڵاتیانی  سیڤیلی کورد بە تایبەتی و گەلی عێراق بە گشتی .
 تاوانی هەڵەبجە ویژدانی جیهانی هەژاند و دڕندەیی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانی وێنا کرد و پێویستی هەوڵی زیاتر و کاری هاوبەشی نیشاندا بۆ پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی پرەنسیپەکانی دیموکراسی و پاراستن و دەستەبەرکردنی ئازادی و مافی گەلان، لەهەژموونی ڕژێمە تۆتالیتارەکان.
 تراژیدیای شاری هەڵەبجە ئەمڕۆ داوامان لێدەکات بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین بۆ چەسپاندنی ئەزموونی دیموکراسی لە وڵاتەکەماندا، هاوکات داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکە کۆکوژیە قەدەغەکراوە نێودەوڵەتییەوە و ڕاگرتنی جەنگ و ململانێکان و چەسپاندنی سەقامگیری ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکە و جیهاندا.
 هەروەها جەخت لەسەر گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی نێودەوڵەتی دەکەینەوە بۆ دۆکیۆمێنتکردنی ئەو تاوانانەی کە دژ بە هاوڵاتیان ئەنجام دراوون بۆ ئەوەی ببنە بەڵگە بۆ ئەو تاوانانەی کە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان بەرامبەر بە خەڵکی بێتاوان ئەنجامیان داوە.
یادکردنەوەی ئەم ساڵیادە داوای هەوڵی هاوبەشمان لێدەکات بۆ بەردەوامی ئەم ساڵیادە تا لە یادەوەری نەوەکانی داهاتوودا بەزیندویی بمێنێتەوە.
 بەرپرسیارێتی نیشتمانی و مرۆییمان داوامان لێدەکات کەهانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بدەین پەلە بکەن لەگۆڕینی هەڵەبجە بۆ پارێزگا و هەنگاوە یاساییەکانی لەئەنجومەنی نوێنەران تەواو بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە بۆ شارەکە وبەرجەستەکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێویستیان پێیەتی و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان لەبەرامبەر ئەو زیانانەی کە هێشتا بەدەستیانەوە دەناڵێنن.
له کۆتاییدا سڵاو لەشەهیدانی هەڵەبجه و سەرجەم شەهیدان
خودا عێراق و گەلەکەی بپارێزێت.

سەرۆکایەتی کۆمار

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار