پارێزەرەکەی: شێروان شێروانی شەش مانگی تر لە زیندان دەبێت

20 كاتژمێر لەمەوپێش



 

هەرچەندە بڕیاربوو نۆى ئەم مانگە شێروان شێروانی، یەکێک لە حوکمدراوانی بادینان، بە ئازادکردنی بە مەرج ئازاد بکرێت دواى سێ جار دواخستنى ئەمڕۆش دادوەری دۆسیەکە رەتیکردەوە ئازادی بکات.

ڕەمەزان ئەرتیسی، یەکێک لە پارێزەرانی شێروان شێروانی، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند: لە یەکشەممەی رابردووەوە لە هەوڵداین بۆ ئازادکردنی شێروان شێروانی، بەڵام ئەمڕۆ دادوەر رەتیکردەوە بە ئازادکردنی بەمەرج ئازادی بکات.

هەروەها محەمەد عەبدوڵڵا، یەکێکى دیکە لە پارێزەری شێروان شێروانی ئەوەى وت: جارێکی تر ستەم کردن لە شێروان شێروانی کراو دادوەر بریاریدا بە رەتکردنەوەی داواکاری بریکاردارم رۆژنامەنوس شێروان ئەمین ناسراو بە شێروان شێروانی بە ئازاد بوونی بە مەرج، کە بەداخەوە بریارێکی چاوەڕوان نەکراو بوو.

بەوتەى ئەو پارێزەرە دادوەر بڕیاریداوە بە هێشتنەوەی شێروان شێروانى لە زیندان تا 2025/9/9، دەبێت شەش مانگی دیکە لە زیندان بمێنێتەوە.

شێروان شێروانی زیاتر لە چوار ساڵە لە زینداندایە و دوای بڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سزاکەی بۆ نیوە کەمکرایەوە.  

هەفتەى پێشوو بارزان شێروانی ڕایگەیاند، بەهۆی تەواونەبوونی رێکارە ئیدارەییەکان ئازادکردنی شێروان شێروانی دوادەکەوێت.
لەبارەی ئەوەی تا ئێستا دۆسییەی دیكە لەسەر ئەو ڕۆژنامەنووسە كراوەتەوە وتی، تا ئێستا هیچ دۆسییەك لە دژی شێروان نەكراوەتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕۆژی ١٦-٢-٢٠٢١ دادگای هەولێر بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی بڕیاری دەستگیركردن بۆ شێروان شێروانی دەرچوو و لەوكاتەشەوە چەندین دۆسییەی دیكەی لەسەر كراوەتەوە بە مەبەستی درێژكردنەوەی ماوەی وادەی زیندانیكردنی.

مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان لابرا، جگە لە شێروان شێروانی کە 50%  کەمکرایەوە.
 
دوای لێخۆشبوونەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 16-03-2023 سێ کەس لە حوکمدراوان کە بریتی بوون لە ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازاد کران و دوای دوو سزای دیکە، گوهدار محەممەدیش ئازاد کرا.
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبوو ئەیلوولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بکرایە، بەڵام پێش ئەو کاتە و لە 20ـی تەمموزی 2023، شێروانی بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درایەوە، دواتر بە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار ساڵەکە کرایەوە بە دوو ساڵ و بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار