بەهۆى بۆردومانى تورکیاوە نۆ ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا

2 هەفتە لەمەوپێش
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، ماڵی خێزانێکی کوردی لە کۆبانێ کۆمەڵکوژ کرد و لەیەک هێرشدا نۆ ئەندامی خێزانەکەی کوشت و دوو کەسیشیان برینداربوون.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاوی کردەوە؛ شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، هێرشێکی ئاسمانیان بۆ سەر کێڵگەیەکی کشتوکاڵی خێزانێک لە نێوان هەردوو گوندی قۆمجی و بەرخ بۆتان ئەنجامدا و بەهۆیەوە نۆ ئەندامی خێزانەکە گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەشیان بە سەختی برینداربوون.
بەپێی راگەیەندراوەکە؛ قوربانییەکان منداڵەکان بەناوی (ئاهین، دیجلە، دلۆڤان، یاسر، عەزیزە، ساڵیحە، ئاڤێستا) و باوکەکە بەناوی عوسمان و دایکەکە بەناوی غەزالە گیانیان لەدەەستداوە و دوو منداڵی دیکەی خێزانەکەش بەناوەکانی رۆنیدا و نارین برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
هێرشەکەی تورکیا، درەنگانی شەوی رابردوو ئەنجامدراوە، لەوکاتەی خێزانەکە لەناو کێڵگەکەی خۆیان لە خەودا بوون، دوای رۆژێکی درێژی کارکردن لە کێڵگە کشتوکاڵییەکەیان.
