ئێران: پێشێلکاریی بەرامبەر خاک و بەرژەوەندییمان بکرێت وەڵامى توندمان دەبێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش
وتەبێژى وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هەڕەشەکانی ترەمپ ڕایدەگەیەنێت هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر خاک و بەرژەوەندییەکانمان بکرێت وەڵامى توندمان دەبێت بۆى
لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ئازار بەڕێوەچوو، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامى چەند پرسیارێکى ڕۆژنامەنوسانى دایەوە.
سەبارەت بەوەڵامدانەوەى نامەکەى دۆناڵد ترەمپ، وتەبێژەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتى: ئێمە هیچ نیازێکمان نییە ناوەڕۆکی پەیامەکەی ترەمپ بڵاوبکەینەوە و ئەوەی لە میدیاکاندا لەبارەیەوە بڵاودەکرێتەوە ورد نییە.
هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆکى ئەمریکا بۆ ئێران هاوشێوەی لێدوانەکانییەتی و شتێکى گشتیە زیاتر، ئیسماعیل بەقائى وتیشى: دوای لێکۆڵینەوە لە پەیامەکەی ترەمپ وەڵامێکمان بۆ نامەکەى دەبێت.
سەبارەت بەگەشتەکەی وەزیری دەرەوە بۆ عومان کە پەیوەندى بە نامەکەى ترەمپەوە هەیە، وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئێران وتى: گەشتەکەی وەزیری دەرەوە بۆ عومان هیچ پەیوەندییەکی بەم نامەیەوە نەبوو و پێشوەختە پلانی بۆ دانرابوو، ئێمە لەڕێگەى گونجاوەوە وەڵامى نامەکە دەدەینەوە.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە وەڵامی ئێران چی دەبێت بۆ هەڕەشەکانى ئەمریکا سەبارەت بە ئێران، ئەو وتى: ئێمە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەدەینەوە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران، ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران و هیچ گومانێک لەوەدا نییە.
هەروەها ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، هێرشکردنە سەر خەڵکى خۆڕاگر و قارەمانی یەمەن لەلایەن ئەمریکاوە، ڕێگایەکە بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی خۆیان لە ماوەی ٢٠ مانگی ڕابردوودا.
ناوبراو وتیشى: هەروەک پێشتر بیستوتانە گەلی یەمەن و حکومەتی یەمەن بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیار لەسەر ئەو کارانە دەدەن کە بە پێویستی دەزانن بۆ پشتیوانیکردن لە فەلەستین و ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ بڕیارەکانی یەمەنییەکان و پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕەوای گەلی فەلەستین.
