شاندى دەم پارتی لەگەڵ پارتی دادو گەشەپێدان كۆدەبێتەوە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەفدەكەی پارتی یەكسانی و دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتوون لە، سری سورەیا ئۆندەر، تونجەر باکرهان، تولای حاتەم ئۆغڵاری، گولای کۆچیت، بەردەوامن لە خولی دووەمی وتوێژەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی توركیا.
لەو چوارچێوەیەدا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، وەفدەكەی دەم پارتی، سەردانی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) ی كرد لە پەرلەمانی توركیا، بڕیارە کاتژمێر (٢:٠٠)ی پاشنیوەڕۆ ئەمڕۆش، لە بارەگای پەرلەمانی توركیا لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان كۆببێتەوە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا ئامادەنەبووە، ئەوە لەكاتێكدا دوێنێ باخچەلی لە لێدوانێکی نوسراودا وتبوی، کۆبونەوەكانی وەفدی دەم پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و پاڵپشتیکردنی لە توركیایەكی دوور لە تیرۆر، جێگای دەستخۆشییە.
راشیگەیاندووە، بە دڵنیاییەوە پێم خۆشە سبەی لە دووهەمین سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ لای پارتی مەهەپە ئامادە بم و بیروڕا ئاڵوگۆڕ بكەين، بەڵام پێم وایە هاوڕێکانم کە بۆ نوێنەرایەتی حیزبەکەمان دەستنیشانکراون، وەک من باش دەبن و بە میزاجێکی روون و پاکەوە بیرۆکەکانمان دەگەیەننە قسەکەرەکانیان.
بەم بۆنەیەوە، سڵاو لە هەڤاڵانی بەڕێزم و شاندی دەم پارتی دەکەم و پیرۆزبایی لە بزوتنەوەکەمان دەكەم، لەپێناو تورکیایەكی دوور لە تیرۆر، پێموایە دەبێت بەدوربین لە هەر جۆرە لێدوانێک کە ببێتە هۆی خراپ لێکتێگەیشتن و ناسەقامگیری لەم دۆخە ناسکەدا، پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بكرێت.
