هەپەگە: هێزى پاراستنى ئاسمانیمان درۆنەکەى ناحیەى بنگردى خستە خوارەوە

17 كاتژمێر لەمەوپێش
هەپەگە ڕایگەیاند هێرشەکانی سوپای تورک بەردەوامە، هێزی پارستنی ئاسمانیش شەوى ڕابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیامان لە بایرەکتار خستەخوارەوە.
درەنگانێکى شەوى ڕابردوو لە گوندی سۆفیانی سنووری ناحیەی بنگرد، درۆنێكى تورکیا كەوتەخوارەوە، درۆنەکە لەکاتى کەوتنەخوارەوەیدا دەکەوێتە سەربانی ماڵێک و هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێنەکەوتۆتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکیاندا هەپەگە ئەوەدەخەنەڕوو یەکینەیەکی سەر بە هێزەکانی بەرگری ئاسمانی شەهید دەلال، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە جۆری ئاکینجی کە بە بەرزی لە ئاسمانی قەندیل دەفڕی و دەوڵەتی تورک پێی وابوو ناخرێتەخوارەوە، خرایە خوارەوە.
نرخی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی تورکیا نزیکەی 25 ملیۆن دۆلارە، بەوەش تەنها لە خستنەخوارەوەیان زیاتی 100 ملیۆن دۆلار لە تورکیا کەوتوە و لەسەر ئاستی جیهانیش کە زۆرترین خواستی لەسەر بووە، بازاڕی بە تەواوەتی شکاوە.
کۆمپانیای بایکار، کە فڕۆکەی (بەیرەقدار تی بی 3) دروست دەکات، شەشەم کۆمپانیای تەکنەلۆجی بەرهەمهێنەری ئەو فڕۆکانەیە لەسەر ئاستی جیهان. فڕۆکەکە، درێژییەکەی هەشت مەترە، بەرزی دو مەتر و درێژی هەر باڵێکی 14 مەترە.
دەقى ڕاگەیاندراوەکەی ناوەنی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە بەم شێوەیە:
"دوای بانگەوازی مێژوویی ڕێبەر ئاپۆ، بڕیاری ئاگربەستی پارتەکەمان (پەکەکە) بە تەواوی لەلایەن هێزەکانمانەوە جێبەجێ دەکرێت. بەڵام سەرەڕای ئەمە، چالاکییە هەواڵگرییەکانی هێزەکانی سوپای تورک بەرەو ناوچەکانمان چڕتر بوونەتەوە، هێرشەکانی ئاسمانی و تۆپبارانەکان بەردەوام بوون. هەر چالاکییەکی هەواڵگری هێرشێکە. چونکە چالاکییەکە کە ئامادەکاری بۆ هێرش دەکات. لەو کاتەوەی کە ئاگربەست ڕاگەیانراوە، سوپای تورک هەشت جار هێرش بە چەکی قەدەغەکراو، ٩٣ جار هێرشی ئاسمانی و پێنج هەزار و ٥٢ جار هێرشی بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن بۆ سەر ناوچەکانی پاراستنی مەدیا ئەنجام داوە.
لە بەرامبەر ئەمەدا، لە کاتژمێر ٠٧:٢٠ خولەکی ئێوارەی ١٦ـی ئاداری ٢٠٢٥، لەلایەن یەکینەیەکی سەر بە هێزەکانی بەرگری ئاسمانی شەهید دەلال، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە جۆری ئاکینجی کە بە بەرزی لە ئاسمانی قەندیل دەفڕی و دەوڵەتی تورک پێی وابوو ناخرێتەخوارەوە، خرایە خوارەوە. ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، ئێمەش مافی خۆمانە بۆ مەبەستی بەرگری ئەم جۆرە فڕۆکە هەواڵگرییانە بخەینە خوارەوە و ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکرێت."
