مەزلوم عەبدی: ئاگربەست لە سەرتاسەری سوریا بۆتە پێویستی

دوێنێ



فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕایدەگەیەنێت حکومەتی کاتی سوریا دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی لەبارەی کوشتنی هاووڵاتیانی لەلایەن وڵاتانی دیکەوە هەڵبگرێت، هاوکات جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە ئاگربەست لە سەرتاسەری سوریا بۆتە پێویستیەکی ڕەها. 
لەپەیامێکیدا بەبۆنەى شەهیدکردنى نۆ ئەندامى خێزانێکی کوردی لە شارى کۆبانێ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە سەكۆی (ئێكس) پەیامێکى بڵاوکردەوە.

لەبەشێکى ئەو پەیامەدا، مەزڵوم عەبدى دەڵێت: پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیانی بێتاوان دەکەین، کە لە بۆردومانێكی تورکیادا تەواوی خێزانێک لە گوندەواری کۆبانی گیانیان لەدەستدا، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
هەروەها دەڵێت: بەئامانجگرتنی جوتیارێک و منداڵەکانی تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی، پێویستە لەسەر حکومەت بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بەرامبەر بە کوشتنی هاوڵاتیانی لەلایەن وڵاتانی دیکەوە.داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە چالاکەکان دەکەین ئەم تاوانانە رابگرن.

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، هەر لەو پەیامەیدا نوسیویەتى: ئاگربەست لە سەرتاسەری سوریا بۆتە پێویستی بۆ سەرکەوتنی قۆناغی راگوزەر بەرەو سوریایەکی سەقامگیرو ئارام.
شەوى ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، خێزانێکی کوردی لە کۆبانێ کۆمەڵکوژ کرد و لەیەک هێرشدا نۆ ئەندامی خێزانەکەی کوشت و دوو کەسیشیان برینداربوون.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاوی کردەوە؛ شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، هێرشێکی ئاسمانیان بۆ سەر کێڵگەیەکی کشتوکاڵی خێزانێک لە نێوان هەردوو گوندی قۆمجی و بەرخ بۆتان ئەنجامدا و بەهۆیەوە نۆ ئەندامی خێزانەکە گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەشیان بە سەختی برینداربوون.
بەپێی راگەیەندراوەکە؛ منداڵەکان بەناوی (ئاهین، دیجلە، دلۆڤان، یاسر، عەزیزە، ساڵیحە، ئاڤێستا) و باوکەکە بەناوی عوسمان و دایکەکە بەناوی غەزالە گیانیان لەدەستداوە و دوو منداڵی دیکەی خێزانەکەش بەناوەکانی رۆنیدا و نارین برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار