هێرشەکەى ئیسرائیل بەردەوامەو ژمارەى کوژراوان گەیشتە ٣٥٠ کەس

3 مانگ لەمەوپێش



 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامدا، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان زیاتر لە ٣٥٠ کەس کوژراون کە ژمارەیەکیان کەسیان سەرکردەی حەماس بوون.

نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززەی فەڵەستین دوایین ئامارەکانی قوربانیانی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (18ـی ئاداری 2025)ی ئیسرائیلیان بۆ سەر کەرتی غەززە بڵاوکردەوە، کە لایەنی کەم ٣٥٠ کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە؛ فەرمان بە هێزی ئاسمانی کراوە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بەرپرسانی بزوتنەوەی حەماس لەناو کەرتی غەززە ئەوەش بەهۆی پابەند نەبونیان بە ئازادکردنی بارمەتە ئیسرائیلییەکانەوە.

نوسینگەی ناتانیاهۆ بڵاوی کردەوە: دەستپێکردنەوەی پڕۆسە سەربازی و هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر حەماس لە غەززە، بەهۆی رەتکردنەوەی پێشنیازێکی ئەمەریکا بووە لەلایەن حەماسەوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست، لەئێستاوە ئیسرائیل هێزی زیاتر دژی حەماس بەکاردەهێنێت و پلانەکەش لەلایەن بەرپرسانی سەربازییەوە پێشنیاز کراوە و لەسەر ئاستی باڵای سیاسی پەسەندکراوە.

بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆک وەزیران؛ سەرۆک وەزیر و وەزیری بەرگری فەرمانیان بە سوپا کردوە رێکاری بەهێز دژی حەماس بگرێتەبەر و بۆ ئەوەش سوپا و دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک) هێرشی ئاسمانی چڕیان کردوەتە سەر بەرپرسانی حەماس.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت، هێرشەکان بەردەوام دەبن."
 
ئەو بەرپرسە گوتوویەتی، ئامانجی ئیسرائیل لەم هێرشە دا "فەرماندە پلە مامناوەندەکان، سەرکردەی سیاسی و ژێرخانی تیرۆرستیی حەماسە".
 
هەر بە گوتەی ئەو بەرپرسە، هێرشەکان لە سنووری هێرشی ئاسمانیدا نامێننەوە، بەڵکو فراوان دەبن. 
 
رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ناونەهێنراوی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل پێکردووە بۆ ئەوەی دەست بکاتەوە  بە هێرشکردنە سەر غەززە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار