قەرەیلان: ژمارەیەک لەهەڤاڵان باوەڕیان بەوە نییە لەم دۆخەدا چەک دابنێن

21 كاتژمێر لەمەوپێش
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی پەکەکە رایگەیاند، سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، دەبێت هەموو کەسێک ئەوە بزانێت ژمارەیەک لە هەڤاڵان، فەرماندە و جەنگاوەرانيان باوەڕیان بەوە نییە لەو دۆخەدا چەک دابنێن. ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەوڵەت دەڵێن دەبێت ئیلا ئاوا بکرێت و چەکدانان نابێت دوا بخرێت، ئەوە پێویستی بەوەیە زەمینەی بۆ ساز بکرێت.
موراد قەرەیلان، لە میانی بەشداریکردن لە بەرنامەی تایبەتی کەناڵی ستێرک تیڤی لەبارەی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە ڕایگەیاند، نەورۆزی ئەمساڵ بە دروشمی بانگەوازەکەی ئۆجەلان کە "بانگەوازی کۆمەڵگای دیموکرات و ئاشتی"یە بەرز ڕادەگیرێت و ئازادی ئۆجەلان بە واتای ئازادی گەلی کورد و چارەسەرکردنی پرسی کورد دێت و ئاشتەوایی لە نێوان گەلانی کورد و تورک بەدی دێت.
قەرەیلان ئاماژە بەوە دەدات کە کەسانێک ڕەخساندنی هەلومەرج بۆ بەستنی کۆنگرەی پەکەکە وەک مەرج لە قەڵەم دەدەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە مەرج نییە بەڵکو پێویستییە.
جەختیشدەکاتەوە، دەبێت ڕێگە بە ڕێبەر ئاپۆ بدرێت لە پرۆسەکەدا چالاک بێت. واتا ئازاد بێت و ئازادانە جموجۆڵ بکات. “دەگوترێت پەیامەی ئۆجەلان بە ژمارەیەک لە هەڤاڵانمان دەگەیەندرێت کە لە گۆڕەپانەکە نین لە دەرەوەن یان زیندانیکراون. بەڵام ئەوە بەس بە گەیاندنی پەیام بەدی نایەت. بۆ نمونە ئەگەر کۆنگرە ببەسترێت دەبێت ڕێبەر ئاپۆ ئاگاداری تەواوی قۆناغەکان و ئەو بڕیارانە بێت کە دەدرێن”.
”ڕاستە لەوانەیە نەکرێت بێتە کۆنگرەکە و لە دەرەوە بەشدار بێت، بۆ ئەمەش پێویستە دەرفەتی تەکنیکی بڕەخسێندرێت و شاندی ئیمراڵی هاتوچۆ بکات. دەبێت شاندەکە لە دیدگای ئۆجەلان ئاگادارمان بکاتەوە و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو هەڤاڵانەماندا بکرێت کە هێشتا ڕازی نەبوون بە دانانی چەک”.
قەرەیلان باسى لەوەشکردووە، دەبێت هەموو کەسێک ئەوە بزانێت ژمارەیەک لە هەڤاڵان، فەرماندە و جەنگاوەرانيان باوەڕیان بەوە نییە لەو دۆخەدا چەک دابنێن. ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەوڵەت دەڵێن دەبێت ئیلا ئاوا بکرێت و چەکدانان نابێت دوا بخرێت، ئەوە پێویستی بەوەیە زەمینەی بۆ ساز بکرێت.
موراد قەرەیڵان ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان وەک پەکەکە دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان کە بە دەستپێشخەری دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە کۆنگرە ببەستێت، بە دەم داواکارییەکەی ئۆجەلانەوە چوون و پابەندی خۆیان بە بانگەوازەکەوە ڕاگەیاند و ئاگربەستیان ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە بەردەوامن و ناشتوانن لە دۆخێکدا کە لە شەڕدان چەک دابنێن و ئەمە پێویستی بە زەمینەسازییە.
قەرەیلان باسى لەوەکرد، تا ئێستا بەرپرسانی تورکیا بە پرۆسەکە دەڵێن “تورکیای بێ تیرۆر” و دەڵێت "ئەگەر ئەوەی ئێمە کردبمان تیرۆر بێت، ئەوا دەوڵەتی تورکیا کاری تیرۆریستی زیاتر ئەنجام داوە و لە باکورى کوردستان 17 هەزار و 525 تاوانی بکوژ نادیار بە دەستی دەوڵەت ئەنجام دراون. سەدان گوندەکان بە گوندنشیانی کورد چۆڵ کران و ژمارەی کوردە کوژراوەکانیش لەژمار نایەت. قسەکردن بەو زمانە خزمەت بە پرۆسەکە ناکات".
قەرەیلان هۆشداریشیدا لەوەی کەسانێک هەن لەنێو دەوڵەتی تورکیادا و کەسانێک هەن لە نێو کوردیشدا نایانەوێت پرۆسەکە سەربگرێت و دەیانەوێت لەباری ببەن. ئەوانەی دژی پرۆسەکەن بە زمانێکی ژەهراوی دەدوێن و هیچ ناگێڕنەوە، بەڵام ناکرێت گەورە بەرپرسانی حکومەتی تورکیا بەو جۆرە بدوێن.
لە وەڵامی یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کە ڕاگەیاند بە هیچ جۆرێک ئاگربەست لەگەڵ پەکەکە ڕاناگەیەنن و دەبێت چەکەکانیان ڕادەست بکەنەوە، قەرەیلان دەڵێت: "ئەدی چۆن لەنێو شەڕدا پرۆسەکە بەڕەوە ببرێت؟ خۆی کێشەکە ئا ئەوەیە. بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە پێویستە کۆتایی بەو جۆرە قسانە بهێندرێت، چونکە ئەمە پرۆسەکە دەگەیەننە بنبەست".
