قوربانیەکان لەژێر داروپەردوودان و هاوار دەکەن ناتوانن ڕزگاریان بکەن

19 كاتژمێر لەمەوپێش



 

بەرپرسێکی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، لە بۆردومانەكەی  بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، بارمتەیەكی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە کوژراوەو دوو بارمتەی دیکەش برینداربوون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەلشیفەى غەززەش ڕایدەگەیەنێت هیچ سیستەمێکی تەندروستی ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەم ژمارە زۆرەى قوربانیەکان بکات.

بەرەبەیانى ئەمڕۆ ئیسرائیل کۆتایی بە ئاگربەست هێنا و هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی کردە سەر کەرتی غەززە. 

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بە درێژایی شەو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، بەهۆیەوە زیاتر لە (٣٦٠) کەس کوژراون و بێسەروشوێن بوون، ئەمە جگە لەوەی دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون، بەگوێرەی ئامارەكانی نوسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە.

محەمەد ئەبو سەلمیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەلشیفە لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: لە هەر خولەکێکدا کەسێکی بریندار بەهۆی نەبوونی پێداویستیەکانەوە گیان لەدەست دەدات، تەنها ٤ قەرەوێڵەی چاودێری چڕمان هەیە.

ئەو بەرپرسەى تەندروستى وتیشى: لە ژێر داروپەردوودا دەنگی قوربانییەکان دەبیستین، بەڵام ناتوانین ڕزگاریان بکەین، ئێستا بنەڕەتیترین پێکهاتەکانی سیستەمی تەندروستی لەم بارودۆخە هەستیارانەدا غیابن.

لەلایەکى دیکەوە مەیجر مەحمود باسال، وتەبێژی بەرگری شارستانی لە غەززە ڕایگەیاند، "بەهۆى هێرش و کۆمەڵکوژیەی ئیسرائیل کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممەوە بەردەوامە، زیاتر لە 130 منداڵ لەخۆدەگرن، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر ژنیشیان تێدایە".

بەسەل ئەوەشى ڕاگەیاندوە، ژمارەی بریندارانی سەختی لە نەخۆشخانەکان زۆر زۆرە، ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی بەرگری شارستانی توانای ئەوەیان نییە مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو ناوچانە بکەن کە بە ئامانج گیراون.

بەرپرسێکى باڵاى زووتنەوەی  حەماسیش ڕایدەگەیەنێت: ئەمریکا کە پێشوەختە ئاگادار کراوەتەوە لەهێرشەکەى ئیسرائیل، هاوبەشی ڕاستەوخۆى شەرەکەیە، واشنتۆن  پشتیوانیەکى بێسنوورى ئیسرائیل دەکات و بەرپرسیارێتی تەواوەتی لە ئەستۆیە لە کۆمەڵکوژی و کوشتنی ژنان و منداڵان لە غەززە.

بەرپرسەکەى بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، لە بۆردومانەكەی  بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، بارمتەیەكی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە کوژراوەو دوو بارمتەی دیکەش برینداربوون.
ئاژانسی هەواڵی "مەعەن"ی، فەلەستینی، لە زاری ئەو سەرچاوەیەوە بڵاویکردەوە، ئەو روداوە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل بووە بۆ سەر کەرتی غەززە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار