ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ دەستگیرکرا

2 هەفتە لەمەوپێش
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسایش چووە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و دەستگیری کرد. بڕیاری دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 100 کەسی دیکەش دەرچوو.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا موراد ئۆنگون، راوێژکاری میدیایی ئیمامئۆغڵو بە مەبەستی وەرگرتنی گوتە، دەستگیرکراوە.
هاوکات گەڕان و پشکنین و هەڵکوتانە سەر زیاتر لە 100 ناونیشان بەردەوامە و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 100 کەس دەرکراوە. دەستگیرکراوان دەگوازرێنەوە بارەگای ئاسایش و گوتەیان لێ وەردەگیرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیای تورکیادا بڵاوکراونەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر ژمارەیەک تەندەری پەیوەندیدار بە میدیایە و داواکاری گشتی لە راپۆرتەکەیدا باسی گەندەڵی و هاوبەشیی نێوان جەهەپە و پەکەکەی کردووە.
هاوکات سازانی شارەکان یەکێک لەو بابەتانەیە کە داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بڕیاری لێکۆڵینەوە، پشکنین و دەستگیرکردنی لەسەر داوە.
ئەمە لەکاتێکدایە سازانی شارەکان تاکتیکی تایبەت بە هەڵبژاردن بوو و یەکێک لەو رێککەوتنانە بوو کە جەهەپە لەگەڵ دەم پارتی لەسەری رێککەوتبوون و لە هەندێک شوێندا هاوئاهەنگییان لە نێوان دەنگدەرانیان دروستکردبوو.
میدیای نزیک لە دەسەڵاتیش ئاماژە بە بوونی گەندەڵی دەکەن و رەتی دەکەنەوە پەیوەندیی بە سازانی شارەکانەوە هەبێت.
