ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى مەزڵوم عەبدی و لیژنەكەی ئەحمەد شەرع 

2 هەفتە لەمەوپێش



 

لە یەكەم كۆبوونەوەدا لەگەڵ ئەو لیژنەی كە ئەحمەد شەرع بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دروستیكردووە، مەزڵوم عەبدی باسی لە بێبەشكردنی پێكهاتەكان كردووە لە پرۆسەی نوسینەوەی دەستوری سوریادا. 

ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەگەڵ ئەو لیژنەیەدا كۆبووەوە، كە لەلایەن دەسەڵاتی نوێی سوریاوە لە دیمەشق دروستكراوە بۆ چاودێریكردنی رێككەوتنی نێوان ئیدارەی خۆسەرو دیمەشق.
 
رۆژی 10ی ئەم مانگە، سەرۆكایەتیی سوریا رایگەیاند، ئەحمەد شەرع لەگەڵ مەزڵوم عەبدیدا رێككەوتنێكی ئیمزا كردووە بۆ تێكەڵكردنی هێزە سەربازیی و مەدەنییەكانی (هەسەدە)ی سەربە ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەتی نوێی سوریاو داننان بە مافەكانی گەلی كورد لەو وڵاتە. رێككەوتنەكە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی خۆرئاوا پێشوازیی لێكرا. 

لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەزڵوم عەبدی و لیژنەكەی ئەحمەد شەرع، راگەیەندراوی (هەسەدە) باسلەوە دەكات (روهلات عفرین) ئەندامی فەرماندەیی گشتیی یەكینەكانی پاراستنی ژنان لەگەڵ (حسێن سەلامە) سەرۆكی لیژنەكەی حكومەتی دیمەشق و چەند ئەندامێكی تر لە هەردوولا، بەشداربوون لە كۆبوونەوەكەدا. 

"بیروڕا ئاڵوگۆڕكراوە سەبارەت بە میكانیزمی كاری ئەو لیژنانەی؛ كە بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئایندەوە بەشێوەی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا دەستبەكار ببن" راگەیەندراوەكە وا دەڵێ.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا قسەوباس كراوە لەبارەی راگەیاندنی دەستوریی سوریاو؛ جەخت كراوە لەسەر ئەوەی نابێت هیچ پێكهاتەیەكی سوریا بێبەش بكرێت لەوەی رۆڵ و بەشداریی هەبێت لە نەخشەی ئایندەی سوریاو نوسینەوەی دەستورەكەیدا. 

ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتی نوێی سوریا بە رێبەرایەتی (تەحریر شام)، سەرباری رێككەوتنەكەیان لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، كوردو دروزو پێكهاتەكانی تری سوریایان لە پرۆسەی ئامادەكردنی دەستوری كاتیی سوریاو نوسینەوەی رەشنوسی دەستوریی هەمیشەیی بێبەش كردووە، ئەمەش لەناوخۆی سوریاو لەسەر ئاستی دەرەوەی نیگەرانیی سەبارەت بە ئایندەی سەقامگیریی لەو وڵاتە دروستكردووە. 

تەوەرێكی تری كۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ لیژنەكەی ئەحمەد شەرع، باسكردن بووە لە پێویستی ئاگربەست لەسەرتاسەری خاكی سوریادا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار