کاڵکان: کۆنگرەی پەکەکە بێ ئۆجالان ناتوانێت بڕیاری چەکدانان بدات

2 هەفتە لەمەوپێش
دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، ئەو کۆنگرەیەی ئۆجالانی تێدا ئامادەنەبێت، ناتوانێت بڕیاری چەکدانان بدات، گوتی: تاکە کەس کە بتوانێت ئەمە بکات ئۆجالانە و تەنها ئەو دەتوانێت ئەم بڕیارە بۆ پەکەکە بدات.
دوران کاڵکان ئاماژەی بە جیاوازیی نەورۆزی ئەمساڵ کرد و رایگەیاند: چوار پارچەی کوردستان و کوردان و دۆستەکانیان بەجۆش و خرۆشێکی زیاترەوە بەپیری ئەم نەورۆزەوە دەچن.
گوتیشی، ئەم نەورۆزە، نەورۆزی ئازادیی ئۆجالانە و نەورۆزی ئازادیی جەستەیی ئۆجالان دەبێت.
دوران کاڵکان ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای بانگەوازەکەی ئۆجالان و وەڵامی ئەرێنی پەکەکە، بەڵام هێشتا دەوڵەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی بۆ باشترکردنی دۆخی ئۆجالان نەناوە و لە پەرلەمانیش هیچ هەنگاوێک نەنراوە و هیچ پێشکەوتنێکی کرداری نەبووە.
پوختەی هەڵسەنگاندنەکانی دوران کاڵکان بەم جۆرەیە:
دوران کاڵکان ئاماژەی بە جیاوازی نەورۆزی ئەمساڵ کرد و ڕایگەیاند ئەم نەورۆزە چوار پارچەی کوردستان و کوردان و دۆستەکانیان بەجۆش و خرۆشێکی زیاترەوە بەپیری نەورۆزەوە دەچن. گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ ناوی بەبەری ئەم نەورۆزەدا کرد، گوتی "نەورۆزی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک". لەم کاتەدا، بانگەوازێکی وەهای کرد. قۆناغەکەی وەها پێناسەکرد. گەلەکەمان دەڵێت، ئەم نەورۆزە، نەورۆزی ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە. ئەم نەورۆزی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت".
هەروەها دوران کاڵکان نەورۆزی لە ژنان و گەنجان و هێزەکانی گەریلا و گەل و دۆستانی کورد پیرۆزکرد، لە کەسێتی مەزڵوم دۆغاندا هەموو شەهیدانی نەورۆزی بیرهێنایەوە.
دوران کاڵکان ئاماژەی بەوە کرد داوا و درووشمەکانی بەشداربووانی ئەم نەورۆزە ئاشکرایە، گوتی: "هەمووان ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیان دەوێت. بەم نەورۆز دەڵێن "نەورۆزی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ"، دەیانەوێت ڕێبەر ئاپۆ هەلومەرجی ژیان و کاری ئازادی بۆ بڕەخسێت. سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبوەشێتەوە و ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی دەربچێت".
لە درێژەدا گوتی: "نەورۆز چەندێک ئازادی دەنوێنێتەوە، هاوکات مرۆڤایەتیش دەنوێنێتەوە. ڕێبەر ئاپۆ گوتی: "نەورۆز لەگەڵ پەکەکەدا چەند جوانە، ئێمە بەبێ هۆ لەگەڵ پەکەکەدا ئەم ڕۆژەمان دەست پێ نەکرد". بەباشی واتای جۆشی نەورۆزی دەستنیشان کرد. گەریلا بە تێکۆشان لەسەر بناغەی شەهیدانی قارەمان، نەورۆزی گەیاندە ئەم واتا ڕاستەقینەیە. گەیشتین بەم ئاستە. بەهیواین نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە نەورۆزی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ. لەسەر ئەم بناغەیە کوردستان ئازاد دەبێت، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراتیک دەبن. لە جیهاندا مرۆڤایەتی دەگەنە ئاستێکی بەرزتر لە دیموکراسی و ئازادی. ئێمە بۆ ئەمە تێدەکۆشین و دەژین. لەسەر ئەم بناغەیە، ژنان و گەنجان و گەلەکەمان و گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو دۆستان بانگهێشت دەکەین کە زیاتر ڕووبکەنە گۆڕەپانەکانی نەورۆز، بە جۆش و خرۆشەوە نەورۆز پیرۆز بکەن، بە دەنگێکی بڵندتر داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بکەن".
نەورۆز بە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کرد. بانگەوازەکە لە سێیەمین هەفتەدایە. ئایا لەم کاتەدا چ پێشکەوتنێک هاتە ئاراوە؟ لە پراکتیکدا چیمان بینی؟
دوران کاڵکان ئاماژەی بەوە کرد، پاش بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، شاندی دەم پارتی لەگەڵ لایەنەکان کۆبوونەوەی بەرفراوانی ئەنجامدا، گفتوگۆی جیاواز هەیە، نەیار هەن، کەسانێک هەوڵدەدەن بە خواستی خۆیان هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، بەڵام کەسانێکیش هەن بەڕاستی دەیانەوێت لە پرسەکە تێبگەن، گوتی: "بەڵام لە پراکتیکدا شتێکی ئەوتۆ نییە. قسە هەیە، بەڵام پراکتیک نییە. بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە جیهاندا دەنگی دایەوە. هەمووان لێدوان و ڕاگەیاندراویان هەبوو. تەنانەت ئەمریکا و چین و هەموو دەوڵەتان قسەیان کرد، هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان قسەیان هەبوو. هەموویان هیوادار و چاوەڕوانن. بەڵام هیوا و چاوەڕوانییەکان لەڕووی سیاسییەوە دەبن بە چی، نازانرێت. هیچ شتێکی ئەوتۆ لە پراکتیکدا نییە".
دوران کاڵکان ڕایگەیاند ئێمە ئەم ٢ هەفتە و نیوە لێکۆڵینەوەمان لە مانیفێستۆکەی ڕێبەر ئاپۆ کردووە و لەنێو خۆماندا تاوتوێمان کرد و ویستمان ئەوەی تێگەیشتووین بیگەیەنین بە گەلەکەمان، ئەم هەوڵانەی ئێمە هەن، بەڵام ڕەوشەکە ئاسان و سادە نییە، گوتی: "پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، بەڕێوەبەری ئێمە ڕایگەیاند بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ دەکات و بەو پێیە مامەڵە دەکات، ئەمەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد. دووپاتی کردەوە بۆ کردنەوەی ڕێگە بەڕووی ئەمەدا، ئاگربەست ڕادەگەیەنێت. لەم ڕووەوە ڕاگەیاندراو و هەڵسەنگاندن هەبوون. هاوکات پێش چەند ڕۆژێک بەڕێوەبەریی ئێمە، بۆ ڕەخنەگرتن لەوەی ئەم ڕەوشە لە قسەدا ماوەتەوە و نەچووەتە بواری پراکتیکەوە، بۆ ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی لەم بابەتە، لە ڕاگەیاندراوی نەورۆزدا هەندێک ئاگاداری و هۆشداری بڵاوکردەوە. ئێمە ئەوەی لەسەرمان بوو کردمان. کەس چاوەڕێی ئەوە نەبوو ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازێکی وەها بکات. باوەڕیان نەدەکرد، دەیانگوت وەها نابێت. ڕێبەر ئاپۆ ئەوەی کرد کە کەس باوەڕی نەدەکرد و چاوەڕێی نەدەکرد".
هەروەها گوتی: "لە پرۆسەی ٢٠١٣ و ، ٢٠١٤، لە نامەیەکدا بە ڕێبەر ئاپۆمان گوتبوو "ڕەنگە ئێمە ببینە بەڕێوەبەری شەڕ، دەتوانین شەڕ بکەین. بەڵام ئێمە ناتوانین ببینە بەڕێوەبەری ئاشتی. تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئاشتی بەدی بهێنێت. ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە ببات. بۆیە لەم ڕووەوە نابێت چاوەڕوانییەکی زیاتر لە ئێمە هەبێت". لە نامەکەدا ئەمەمان گوتبوو. لە ڕاگەیاندراوی ١ ی ئادار ئەمەمان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد. ئەگەر کۆنگرە بکرێت، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان تاوتوێ بکرێت، ئەمە تەنها بە ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت، کەسی تر ناتوانێت بیکات. نابێت هیوا بە کەسی تردا هەڵبواسرێت. پێش بانگەوازەکەش، دەوڵەت و ڕێبەر ئاپۆش هەڵوێستی ئێمەیان دەزانی. ئێمە بۆ ڕای گشتیشمان ئاشکرا کرد. پەکەکە وەڵامی دایەوە، ئەتمۆسفێرێکی ئەرێنی پێکهات. لای ئێمە هەندێک شت کرا. بەڵام لەلایەنی بەرامبەرەوە هیچ نەکرا. هێشتاش دەڵێن با پەکەکە فڵان شت بکات".
دوران کاڵکان ئاماژەی بەوە کرد سەرەڕای بانگەوازەکە و وەڵامی ئەرێنی پەکەکە، بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ باشترکردنی ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ نەگیراوەتە بەر، ڕەوشی ئیمراڵی نەگۆڕاوە، سیستەمی پێشوو وەک خۆی بەردەوامە، لە پەرلەمان هیچ هەنگاوێک نانرێت، گوتی: "بۆ نموونە، باس لە ئامادەکردنی یاسای نوێ دەکرا، باسی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی مافی هیوا دەکرا. دەگوترا چاوخشاندنەوە بە ڕەوشی یاسایی و دەستوورییدا دەکرێت. ئەمە شتێکی ئاسایی نییە. بەڵام لەم ڕووەوە، هیچ پێشکەوتنێکی پراکتیکی نییە. کارەکانی دەم پارتی هەیە، هەڵوێستی پارتەکان هەیە کە دەم پارتی ڕەت ناکەنەوە، بەڵکو بە گەرمی پێشوازی لێدەکەن. بەڵام دێنە بەردەم ڕاگەیاندنەکان و هەموو شتێکی ژەهرئاسا دەڵێن. واتە نیشانی دەدەن شتێکی ئەوتۆیان لەخۆیاندا نەگۆڕیوە. بۆیە هەمووان چاوەڕوانن، کۆمەڵگا، ڕای گشتی چاوەڕێی دەسەڵاتە بۆ ئەوەی لە وەڵامی ئەمەدا هەندێک هەنگاو بنێت. بەڵام هیچ نەکرا. دەڵێن لە فڵان کاتدا دەکرێت، باسی دوای جەژن دەکەن. گرنگ نییە تا جەژنی داهاتوو چەند کات تێدەپەڕێت. لەم بارودۆخەی ئێستادا دەبینرێت کە دەسەڵات هەوڵی سەرقاڵکردن و فریودان دەدات. چونکە ئەوەی بەڵێنیان دابوو لەماوەی هەفتەی یەکەمدا بیکەن، نەیانکرد. پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت".
ئێمە پرۆسەکە تاوتوێ دەکەین، بەڵام ئەم پرۆسەیە چۆن دەستی پێ کرد؟ گفتوگۆ و هەڵوێستەکان دەربارەی پرۆسەکە چۆنن؟
کاڵکان گوتی: " دەڵێن ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەکەی دەست پێ کردووە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە. کاتێک لە لایەن بەرەی کوردییەوە هەڵدەسەنگێندرێت، کاتێک بە گشتی هەڵدەسەنگێندرێت، دەبێت بە دروستی هەڵبسەنگێندرێت. ئەم پرۆسەیە چۆن دەستی پێکرد؟ ئەمەش مێژوویەکی ١٠٠ ساڵەی هەیە. مێژووی شەڕی ٤٠ ساڵەی پەکەکە هەیە. هەروەها پرۆسەی پاکتاوکردن و تەسفیەکردن لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا هەیە، کە هەوڵی نەهێشتنی پەکەکە دراوە لەسەر بنەمای پلانێک، بە بەکارهێنانی هەموو سەرچاوەکانی تورکیا. دەسەڵاتی ئاکەپە هێزی لە هەمووان وەرگرت، هەر لە ئەمریکا، ڕووسیا، ناتۆ تا ئێران، هەموو سامانی تورکیای بەکارهێنا بۆ لەناوبردنی پەکەکە و سەرکوتکردنی گەریلا. لەسەر بناغەی ئەم پلانە لە ٢٤ ی تەمموزی ٢٠١٤ هێرش پێکهات، مەهەپە بەشداربوو، ئەمە بەس نەبوو، پەدەکەش بەشداربوو، بەس نەبوو، عێراق بەشدار بوو. بە هەموو دەرفەتەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەوڵەتی تورکیا بۆ لەناوبردنی پەکەکە هێرشی کرد. ٣ ساڵ بەردەوام بوو. نەیانتوانی سەربکەون. ئامانجەکەیان نەهاتەدی. دەبێت ئەمە قبووڵ بکات. بەڵێ، ئێمەش ناتوانین بە تێکۆشانی چەکداری دەوڵەتی تورک بڕووخێنین. بەڵام لەژێر هەموو قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانەوە ئەم شەڕە ئامادەیە و هۆکارەکەی ئەم شەڕەیە".
هەروەها کاڵکان ڕایگەیاند هۆکارێکی دیکەی پووچەڵکردنەوەی هێرشەکانی ئاکەپە هەڵمەتی نێونەتەوەیی لە ١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بوو، وە جەختی کردەوە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕاستی جەنگی جیهانیی سێیەم، لە شەڕی عێراق و کەنداوەوە تا دەگاتە دوایین شەڕ لە غەززە و لوبنان و گۆڕانکارییەکانی سوریا، لەم ڕووەوە کاریگەرییان لەسەر گۆڕانکارییەکان هەبووە، چونکە ئیدی گۆڕانکارییەکان تورکیا و ئێران دەگرێتەوە، چونکە پلانی هێڵی وزە لەژێر سەرپەرشتی ئیسرائیل هەیە و لە هیندستانەوە تا یۆنان درێژ دەبێتەوە، ڕێگەی ئەم هێڵە پاککرایەوە و ئێستە نۆرەی تورکیا هاتووە، بۆیە تورکیا ترسی لێ نیشتووە، ئەم هەژموونەی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا.
کاڵکان گوتی: "بەهۆی ئەم ترس و نیگەرانییەوە، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە بۆ وەستانەوە بەرامبەر ئەمە، لەژێر ناوی "دەبێت یەکێتیی ناوخۆییمان بپارێزین"، دەستیان کرد بە باسکردن لە خوشک و برایەتیی کورد و تورک. ڕوویانکردە ڕێبەر ئاپۆ. دەوڵەت باخچەلی لە ١ ی تشرینی یەکەم لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی کۆبووەوە و پاشان لە پەرلەمان گوتی، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ لە فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات، باسی برایەتی مێژوویی کورد و تورک بکات. ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی هەڵسەنگاند و لە ٢٣ ی تشرینی یەکەم لە دیداری لەگەڵ عومەر ئۆجالاندا، گوتی ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی ئەوەم هەیە پرسی کورد لەسەر زەمینەی توندوتیژی و شەڕەوە بگوازمەوە بۆ سەر زەمینەی یاسایی و سیاسیی. هێزی تیۆری و پراکتیکیم بۆ ئەمە هەیە. پرۆسەکە وەها دەستی پێ کرد. پاشان شاندی ئیمراڵی دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا و لە ٢٧ ی شوبات ڕاگەیاندراو درا. دووپاتکرایەوە کە دەوڵەت کۆبوونەوەی ئەنجامداوە. دواتر ئەم بانگەوازە کەوتە ڕۆژەڤەوە. ئێستە گفتوگۆکان لە چ ئاستێکدایە؟ ئەم ڕاستییە لەبیرکراوە، وتەکانی دەوڵەت باخچەلی، بانگەوازەکەی، برایەتی کورد و تورک، ڕەوشی کورد، قسەکردنی ڕێبەر ئاپۆ لە پەرلەمان و هەڵسەنگاندنی وی، یانی هەڵگرتنی سیستەمی ئیمراڵی و بەدیهاتنی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، هەموو ئەم شتانە لەبیرکران. تاکە شت باسی لێ دەکرێت ئەوەیە، پەکەکە کەی کۆنگرە دەبەستێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، کەی چەک دادەنێت و کۆتایی بەمە دێت. وەها نابێت".
کاڵکان ئاماژەی بەوە کرد، پێچەوانەوەی ئەوەی میدیای شەڕی تایبەت دەڵێت: "کێشەکە، کێشەی پەکەکەیە"، ئەم پرسی کوردە، پرسێکی ١٠٠ ساڵەیە، ئەم پرسە پەکەکەی ئافراند، پەکەکە بۆ ئەوە دامەزرا ئەم پرسە ببینرێت و چارەسەر بکرێت، چیتر کورد فریو نادرێت، کێ باسی چارەسەری پرسی کورد دەکات، پەکەکە پێی دەڵێت: "فەرموو چارەسەری بکە".
هەروەها جەختی کردەوە، کورد ئەم پرسەی نەئافراندووە، بەڵکو بەرئەنجامی زیهنیەت و سیاسەتی قڕکەری دەوڵەتی تورکە، کە لە ساڵی ١٩٢٤ ـەوە هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدات، چارەسەر نەمانی ئەم زیهنیەت و سیاسەتەیە.
