شاندی دەم پارتی و دەبەپە سەردانی هەرێمى کوردستان دەکەن

یەک هەفتە لەمەوپێش
ئەمڕۆ شاندێکی شەش کەسی دەم پارتی و دەبەپە سەردانی باشووری کوردستان دەکەن و لەگەڵ زۆرێک لە دامودەزگا و کەسایەتییەکانی باشووری کوردستان کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دەدەن.
بەپێی وتەى سەرچاوەیەک لە پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ شاندێکی شەش کەسیی دەم پارتی و پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، سەردانی باشووری کوردستان دەکەن.
شاندەکەی دەم پارتی و دەبەپە کە سەردانی باشووری کوردستان دەکەن، بریتین لە کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی دەبەپە، بەردان ئۆزتورک و ئەبرۆ گونەی، هاوسەرۆکانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی، ساڵحا ئایدەنز، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە مێردین و هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی سلۆپی ئادالێت فیدان.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانە ئەمڕۆ شاندەکە دەگەنە باشووری کوردستان و ڕاستەوخۆ سەردانی شاری سلێمانی دەکەن و کۆبوونەوەکانیان ئەنجام دەدەن، پاشان لە هەولێر درێژە بە کۆبوونەوەکانیان دەدەن.
بڕیارە شاندەکە لەگەڵ زۆرێک لەلایەنە سیاسیی و ڕێکخراوەکان و هەروەها زۆرێک لە کەسایەتییە دیارەکانی باشووری کوردستان کۆبوونەوە ئەنجام بدەن.
پێشتر لە ١٥ـی شووباتی ٢٠٢٥، شاندی ئیمرالی دەم پارتی سەردانی باشووری کوردستانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حزبی و حکومی لە باشووری کوردستان کۆبوونەوە و پەیام و سڵاوی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان گەیاند، سەردانی ئەم شاندەش لە درێژە ئەو سەردانەی دیکەدایە.
