لە سلێمانى و هەولێرەوە گەشتکردن بۆ تورکیا زۆر کەمیکردووە

4 ڕۆژ لەمەوپێش



 

لە هەولێر و سلێمانییەوە رێژەى گەشتکردن بۆ تورکیا کەمیکردووە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ خۆپشاندانەکانی تورکیا کە لە دژى دەستگیرکردنى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کە ماوەى چوار رۆژە بەردەوامن و بوونەتە هۆى دابەزینى بەهاى لیرە.

عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بەراورد بە ساڵانی رابردوو گەشتیارانی پشووەکانی جەژن بۆ وڵاتی تورکیا کەمیانکردووە و رێژەکە بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە.

ئەو وتیشى، "ئەو دۆخێکی ناسەقامگیر لە تورکیا هەیە و دابەزینى بەهاى لیرەی تورکی کاریگەریی لەسەر گەشتیاریی هەیە، چونکە تاوەکو پارەی هەر وڵاتێک زیاتر لە بەهاکەی بێتە خوار نرخەکان بەرزدەبنەوە و گرانی زیاتر دەبێت، ئەمەش لە لایەکی دیکەوە خواست لەسەر گەشتکردن کەمدەکاتەوە".

عەتا ئەنوەر، هۆکارێکى دیکەى کەمبوونەوەى گەشتیارانى بۆ گرانى نرخی ڤیزای تورکیا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق گەڕاندەوە، کە لەنێوان 140 بۆ 180 دۆلاردایە، لە کاتێکدا تورکیا ئاسانکاریی زیاتری بۆ خەڵکی وڵاتانی دیکە کردووە و نرخەکانی کەمکردووەتەوە".

هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەى رێژەى گەشتیاران، نرخی تکتەکانی گەشتیاریش بۆ تورکیا کەمیکردووە، بەجۆرێک نرخی تکتەکان لە بەشێکی زۆر لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە 320 دۆلارەوە بۆ 220 بۆ 250 دۆلار دابەزیوە.

شێرزاد زراری، بەرپرسی گەشتوگوزار لە کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەولێر دەڵێت: لاى ئەوان رێژەی گەشتیاران 60% کەمیکردووە و بەشێک لە گەشتیارانیش، کە پلانی گەشتیان هەبووە بۆ مانگی رەمەزان و پشووەکانی جەژن پلانی گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە". ئەوەشى بۆ دۆخى چەند رۆژى رابردووى تورکیا گەڕاندەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ساڵانی رابردوو لە پشووەکانی بەهار و جەژنی رەمەزاندا نرخی تکتەکانى تورکیا روویان لە بەرزبوونەوە دەکرد و گەشتیارێکی زۆر روویان لەو وڵاتە دەکرد.

بەگوێرەی ئاماری گەشتیاریی تورکیا، ساڵی رابردوو تەنیا لە مانگی رەمەزاندا زیاتر لە 20 ملیۆن کەس گەشتیان بۆ وڵاتەکە کردووە، یان لەوێوە گەشتیانکردووە.

بەهۆی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ لە 19ی ئەم مانگە، شەپۆلێکی فراوانی خۆپیشاندان زۆربەی شارەکانی تورکیای گرتووەتەوە و ئەمڕۆ دادوەرى دادگاى ئیستانبوڵ بە تۆمەتى گەندەڵى بڕیارى بەندکردنى بۆ دەرکرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار