ناردنى بودجە بۆ پەرلەمانى عێراق نزیکەى پێنج مانگ دواکەوتووە
.jpg)
4 ڕۆژ لەمەوپێش
حکومەتى عێراق هۆکارى دواکەوتنى ناردنى خشتەى بودجەى ئەمساڵ بۆ پەرلەمان دەگەڕێنێتەوە بۆ گۆڕانکاریکردن لە داهات و خەرجییەکان، ئەوەش بەهۆى هەموارى یاساى بودجە تایبەت بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان.
ناردنى خشتەى بودجەى 2025 لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمانى عێراق نزیکەى پێنج مانگ دواکەوتووە، بەو پێیەى بەپێی یاساى رێکخستن و بەرێوەبردنى دارایی، دەبوو لە تشرینى یەکەمى 2024 بودجە رەوانەى پەرلەمان بکرایە، بۆ ئەوەى پێش ساڵى نوێ پەسەند بکرایە، بەڵام تا ئێستا رەوانە نەکراوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق، هۆکاری دواکەوتنی ناردنى خشتەى بودجە دەگەڕێنێتەوە بۆ هەموارى یاساى بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە، کە بەهۆیەوە ناچاربوون گۆڕانکاریی لە داهات و خەرجییەکاندا بکەن.
رۆژى دووى شوباتى ئەمساڵ، پەرلەمانى عێراق ماددەى 12 ى یاساى بودجەى سێ ساڵەى هەموارکردەوە بەمەبەستى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بەڵام پڕۆسەکە تا ئێستا دەستیپێنەکردووەتەوە.
ئامانجی هەموارکردنەکە دیاریکردنى لیژنەیەکى ڕاوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندە بۆ دیاریکردنى تێچووی خەمڵێنراوی دادپەروەرانەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان و بۆ هەر کێڵگەیەک بە جیا، بەرزکردنەوەی داهاتی فیدراڵی، هەناردەکردنى نەوتى هەرێم لەلایەن کۆمپانیاى سۆمۆوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح دەڵێت، بەهۆى ئەو گۆڕانکارییانەوە پێویست بوو گۆڕانکاریی لە داهات و خەرجببەکان بکرێت لە خشتەکانی بودجەی گشتی ساڵی 2025.
جەختیشیکردەوە، دواکەوتنی ناردنى خشتەى بودجە، بە هیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر دۆخى دارایی وڵات نەبووە و پێشبینی دەکرێت دوای پشووی جەژنی ڕەمەزان خشتەى بودجە رەوانەى پەرلەمان بکرێت.
کۆى گشتى بودجەى 2025 نزیکەى 200 تریلیۆن دینارە و دوو لەسەر سێی بۆ موچە تەرخانکراوە، لەگەڵ کورتهێنانى گریمانەیی بەبڕى (64) تریلیۆن دینار،
محەممەد تەمیم وەزیری پلاندانان رۆژى چوارشەممە لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کۆتایی هاتنى کارەکانى ئامادەکردنى خشتەى بودجەى راگەیاند و جەختیکردەوە، خشتەی بودجە هیچ پڕۆژەیەکی نوێ لەخۆناگرێت، بەڵام پارە بۆ پڕۆژە بەردەوامەکان تەرخاندەکرێت.
حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژى 5 شوبات 10 بڕیارى دەرکرد بۆ رێکخستنى رێکارە داراییەکانى لەگەڵ بەغداد، تا پەسەندکردنى خشتەکانى بودجەى 2025 لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە کە وادەکەى نادیارە.
بەپێی رێکارەکان، لیستى موچەى مانگى یەکى ئەمساڵ دەکرێتە بنەما بۆ ژمارەى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان و تەرخانکراوە داراییەکان.
رێکارێکى دیکە تایبەتە بە راگرتنی دامەزراندن بە هەموو شێوازەكانی (هەمیشەیی- گریبەست- كاتی- دامەزراندن لەسەر داهاتی ناوخۆ- بەلەجیاتی دانان- وانەبێژ- خۆبەخش)، گەڕانەوە بۆ وەزیفە یان هەر شێوازێکى دیکەى دامەزراندن.
راگرتنی بەخشین و بەستنی دەرماڵە بۆ موچەخۆران و پابەندبوون بەو رێژەو بڕانەی كە لە لیست موچەی مانگى یەکى ئەمساڵ هاتووە، رێکارێکى دیکە کە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بڕیارى لەسەرداوە.
هەر بەپێی رێکارەکان، دامەزراندن بە پلەى تایبەت لەبەڕێوەبەرى گشتى بەرە سەرەوە رادەگیرێت، لەگەڵ قەدەغەکردنى گواستنەوەى راژەى فەرمانبەران، راگرتنى ئەژمارکردنى خزمەت، کارکردن بە بڕیارەکانى وەزارەتى دارایی عێراق لەبارەى سەرموچە و پلە بەرزکردنەوە.
رێکارێکى دیکە تایبەتە بە پابەندکردنى وەزارەتەکان بۆ بەرزنەکردنەوەى داواى درێژکردنەوەى تەمەنى خانەنشینى.
ئەنجومەنى وەزیران جەختیکردووەتەوە، کارکردن بەو رێکارانە کاتییە و سەرتاسەرییە، تا پەسەندکردنى خشتەکانى بودجە لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە بەردەوام دەبێت و پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان بیخەنە بوارى جێبەجێکردنەوە.
