نزیکەى دوو هەزار کەس لە خۆپیشاندانەکانی تورکیا دەستگیرکراون

4 ڕۆژ لەمەوپێش



 

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند: لە دەسپێکی خۆپیشاندانەکانەوە تائێستا، هەزار و ٩٠٠ دەستگیر کراون و 260 دەستگیرکراویش زیندانی کراون.

هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ئەو خۆپیشاندەرانە دەبنەوە کە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ ڕژاونەتە سەر شەقام.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە (27ـی ئاداری 2025) ڕایگەیاند: تا ئێستا بە هۆی خۆپیشاندانەکانەوە هەزار و ٩٠٠ کەس لە تورکیا دەستگیر کراون.

یەرلیکایا ئاماژەی بەوەداوە 260 لەو دەستگیرکراوانە خراونەتە زیندان و 662یشیان بە دەستگیرکراوی هێڵدراونەتەوە .

468 دەستگیرکراو بە مەرجی دادوەری ئازاد کراون و ڕاییکردنی کاروباری 662 دەستگیرکراوەکەی دیکەیش بەردەوامە.

وەزیری ناوخۆی تورکیا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە گوایە 12 لە دەستگیرکراوەکان پەیوەندییان بەو ڕێکخراوانە هەیە کە تورکیا بە "تیرۆریست" لەقەڵەمیان دەدات و لەنێو ئەواندا چەند کەسێک بەدی دەکرێن کە پێشتر بە تۆمەتی ئەنجامدانی 12 جۆر تاوانی وەک بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و بریندارکردنی بە ئەنقەست ڕێکاری یاسایییان بەرامبەر گیراوەتە بەر.

عەلی یەرلیکایا بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە گوایە خۆپیشاندەران 150 پۆلیسیان بریندار کردووە.

لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ بڕیار درا حەوت ڕۆژنامەنووس لە ئیستانبوڵ ئازاد بکرێن کە لە 25ـی ئادار لە کاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان دەستگیر کرابوون.

هەرچەند دوای دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ئەنجامدانی هەر جۆرە چالاکییەکی وەک گردبوونەوە و خۆپیشاندان لە تورکیا قەدەغە کراوە و خۆپیشاندەران بە پاساوی پابەند نەبوون بەو بڕیارانە دەستگیر دەکرێن، بەڵام ئەوە نەک هەر خۆپیشاندەرانی چاوترسێن نەکردووە، جگە لە باکوری کوردستان تەواوی تورکیا خرۆشاوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا دوو ڕۆژ لەمەوبەر خۆپیشاندانەکانی بە "تیرۆری شەقام" ناوبرد و دوێنێش خۆپیشاندەرانی بە "تیرۆریست" لە قەڵەم دا هەڕەشەی لێ کردن کە بە دەمامکەوە دەستگیر دەکرێن.

19ـی ئاداری 2025، لەسەر دوو دۆسیەی جیاواز و بە تۆمەتی ڕەخساندنی هەلی کار لە دامەزراوەکانی شارەوانی بۆ ئەندامانی پەکەکە و ئەنجامدانی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن، ئەکرەم ئیمامئۆعڵو کە دوو خولە لەسەریەک بە سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ هەڵدەبژێردرێت دەستگیر کرا.

دەستگیرکردنی ناوبراو لە کاتێکدایە ماوەیەکە ناوی ناوبراو پەسەند کراوە وەک کاندیدی کاندیدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماری تورکیا ئەمڕۆیش لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی جەهەپە توانی نزیکەی 15 هەزار دەنگ بە دەست بهێنێت.

20ی ئادار “سبەی” بڵاوی کردەوە کە ئەگەری زۆرە 23ـی ئادار کە هەڵبژاردنی ناوخۆیی جەهەپە ئەنجام دەدرێت، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بخرێتە زیندان.

23ـی ئادار دادگا لەسەر داواکاری سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی ئیستانبوڵ و بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەرکرد. 

دواتریش وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئیمامئۆغڵوی لە سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ دوور خستەوە.

چاودێرانی سیاسیی ئاماژە بەوەدەدەن ئەردۆغان کە تەواوی دەسەڵاتەکانی تورکیای لە دەستی خۆیدا کۆ کردووەتەوە بە دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریشەوە، سڵ لە هیچ کارێک ناکاتەوە تاکوو ڕێگە لەوە بگرێت ئیمامئۆعڵو ببێت بە ڕکاربەری، چونکە لە هەر کوێیەک ئەکرەم ئیمامئۆغڵو خۆی کاندید کردبێت لەوێ ئاک پارتی شکستنی هێناوە.

زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو'ی تەمەن 54 ساڵ دوای ئەوە دێت لە چەندین ناوچەی تورکیا ڕەتکراوەتەوە هۆڵی دیدار و کۆبوونەوە بە ئیمامئۆغڵو بدرێت تا وەک کاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماری تورکیا، وتاری تێدا بدات و لە نوێترین پێشهاتیشدا  ڕۆژێک بەر لە دەستگیرکردنی، بە گوشاری ئاک پارتیی دەسەڵاتدار سەرۆکایەتیی زانکۆی ئیستانبوڵ بڕیاریدا دانپێدانان بەو بڕوانامەیەی کاتی خۆی بە ئەکرەم ئیمامئۆعڵوی داوە هەڵبوەشێنێتەوە.

هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە گوایە هەڵەی زەق کراوە و نەدەبوو بڕوانامە بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 28 قوتابی دیکە بدرێت. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار