چەکەکان بنێژرێن تورکیایەک دێتە ئاراوە، هیچ وڵاتێک نابێت شان لەشانى بدات

3 ڕۆژ لەمەوپێش



 

سەرۆکی مەهەپە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، "پشت بە خودا، بە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەگەین." لەبارەی خۆپیشاندانەکانیش رەخنە لە جەهەپە دەگرێت و بە "هەوڵێکی فاشیستانە"ی ناودەبات.
 پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە رۆژی هەینی 28ی ئاداری 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتەکەی بڵاوکردەوە، کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوەیە و دەڵێت، "پشت بە خودا، بە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەگەین."

باخچەلی پێیوایە سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری کاریگەریی لەسەر بوارە جیاوازەکانی ژیان لە تورکیا دەبێت، لەوانەش لە بواری ئابوورییەوە، وتیشى: ئەگەر بێتو چەکەکان بنێژرێن تورکیایەک دێتە ئاراوە، هیچ وڵاتێک نابێت شان لەشانى بدات.
 
ئەو گوتانەی باخچەلی لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە بانگەوازێکدا بۆ پەکەکە گوتی، "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
 
دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت رێبەری پەکەکە خۆی سەرپەرشتیی کۆنگرەکە بکات.
 
سەرۆکی مەهەپە لەبارەی خۆپێشاندانەکانی دژی زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رەخنەی لە جەهەپە گرت و گوتی، "ئەو ناڕەزایەتییە نابەجێیانەی جەهەپە پێشڕەوێتییان دەکات، دوورن لە هەموو بەهایەکی دیموکراسی، زۆر ناهاوسەنگ و هەڕەشەئامێزن."
 
باخچەلی ئەو خۆپیشاندانانەی بە "بەربەست" لەبەردەم دیموکراسی و برایەتیی خەڵکی تورکیادا ناوبرد و رایگەیاند، "رژاندنی خەڵک بۆ سەر شەقام، بە مەبەستی تێکدانی دۆخی تورکیایە و هەوڵێکی فاشیستانەیە."
 
دەستبەسەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 19ی ئەم مانگە و بڕیاری زیندانیکردنی لە 23ی مانگ، ناڕەزایەتی لە لایەن ئەندام و لایەنگرانی جەهەپە لێکەوتوەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار