حکومەتە نوێیەکەى سووریا وەزیرێکى کوردی تێدایە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
کابینەی نوێی حکومەتی سووریا درەنگانی شەوی رابردوو راگەیێندرا. حکومەتەکە لە 22 وەزارەت پێکهاتووە کە تەنیا یەک وەزیریان کوردە. لایەنە سیاسییە کوردییەکانیش دەڵێن "نوێنەرایەتی ئێمە ناکات."
هاونیشتمانییەک بە ناوی محەممەد عەبدولڕەحمان تورکۆ، لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە پۆستی وەزیری پەروەردەی لە کابینەی نوێی حکومەتی سووریا پێدرا.
محەممەد تورکۆ کێیە؟
- ساڵی 1979 لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە.
- خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە قوتابخانەکانی دیمەشق تەواو کردووە.
- لە زانکۆی دیمەشق، کۆلیژی یاسای لە ساڵانی 1997-2001 خوێندووە.
- لە ساڵی 2003، وەک یاریدەدەری مامۆستا لە کۆلیژی پەروەردە لە زانکۆی دیمەشق دامەزراوە، بە پسپۆڕی لە یاساکانی منداڵان و رێکخراوەکانیان.
- لە زانکۆی لایپزیگی ئەڵمانیا لە 2004-2009 بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا بەدەستهێناوە، بە پسپۆڕی لە یاساکانی منداڵان و رێکخراوەکانیان (مافەکانی منداڵ)
- لە ساڵی 2009 وەکو ئەندامی دەستەی وانەبێژانی زانکۆی دیمەشق دامەزراوە
- 2013 بۆ 2014 سەرۆکی بەشی پەروەردەی منداڵ (باخچەی منداڵان - مامۆستای پۆل) بووە لە کۆلیژی پەروەردە
- 2016 بۆ 2020 جێگری راگری کۆلیژی پەروەردە بووە بۆ کاروباری خوێندکاران و کارگێڕی
- هاوژینی هەیە و باوکی سێ منداڵە
محەممەد تورکۆ لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی
دوێنێ (شەممە)، سەرۆکی ئەنجوومەنەکانی خۆجێیی ئەنەکەسە رایگەیاند، "ئێمە، نابینە بەشێک لە حکومەتێک کە مافەکانی گەلەکەمان بە فەرمی ناناسێت."
هاوکات ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) جەختی لەوە کردەوە، بەشداریی رێوڕەسمی راگەیاندنی کابینەی حکومەتی کاتیی سووریا ناکەن.
